ئەو ململانێ سیاسییەی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر كابینەی نوێ، بە هەموو پێوەرێك گەمەیەكی سفرییە؛ سفرییە بەو مانایەی یەكێتی مەسرور بارزانی كردووەتە ئامانج و هەموو هەوڵێكی تا ئێستا ئەوە بووە نەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران! لە لایەكی دیكەشەوە پارتی جگە لە مەسرور كەسی دیكەی بۆ ئەو پۆستە پێشنیاز نەكردووە و هیچ هەوڵ و هەنگاوێك لە دەرەوەی پارتی و لە نێو پارتیشدا بچووكترین كاریگەریی نەبووە لەسەر پارتی پەیوەست بە مەسرور بارزانی! واتە مەسرور بارزانی لە هەردوو لا كۆلكەی هاوبەش و گۆچانی نێو ئەو تایەیە بووە كە تا ئێستا نەیهێشتووە ڕێگەی كابینەی نوێ بدۆزرێتەوە! لێرەوە، یەك هاوكێشە لەو ململانێیەدا هەیە كە دەبێت ڕوون بێت: هەر كاتێك یەكێتی ڕێگەی گرت لەوەی مەسرور بارزانی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەوا ململانێكەی بێ هیچ گومان و پرسیارێك بردۆتەوە؛ هەر كاتێكیش پارتی توانی مەسرور بارزانی بكاتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەوا ململانێكەی لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلا كردووەتەوە. سەبارەت بەو قسانەی فڕێدراونەتە میدیاوە كە گوایە مەسعود بارزانی دێتە سلێمانی و لە پێناو كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتدا سازش بۆ یەكێتی دەكات، ئەوانە قسەی تەنكڕۆ و عاتیفین. ئەگەر مەسعود بارزانی بە سەردانێك بتوانێت سەرۆكایەتیی حكومەت بۆ كوڕەكەی نوێ بكاتەوە، ئەوا گۆڵێكی لە یەكێتی كردووە و وەك هەموو جارێك تۆڕەكەی دڕاندووە! لە ٢٠٠٥ەوە لەبەرامبەر كورسی بێ فەڕی سەرۆك كۆمار، پارتی گۆڵ لە یەكێتی دەكات! سیاسەت بەوە ناپێورێت كێ دانوستانی كردووە و چی كردووە، بەڵكو ئەوە گرنگە چی بەدەست هێناوە؛ وەك گوتراوە: هەموو كارێك بە ئەنجام دەپێورێت، نەك بە هەنگاوەكانی سەرەتا! ڕاستییەكەی، بوون و نەبوونی حكومەتی نوێ بۆ خەڵك هیچ گرنگی و بایەخێكی ئەوتۆی نییە، چونكە لە بنچینەدا ئەوانەی ناو نراون حكومەت و كابینە هیچیان ئەوە نەبوون هێندەی دوكانی كاسبی و گیرفانی حزب و بنەماڵە بوون. بەڵام بۆ ڕێگرتن لە گەوجاندن، تاریكاندنی زۆری ڕاستییەكان، موزایەدە و موزایەدەكاری، مەبەستم بوو ئەو دێڕانەی سەرەوە بگەن. خەڵكانێك هەن هێشتا لە ژێر كاریگەری میدیا و چەواشەكاری دەسەڵات و دەربارەكانیاندان، وەگەرنا من دەمێكە هیچ باوەرێكم بە كۆی رێسای گەمەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا نەماوە و پێم وایە چارەسەر ئەو كاتە سەرپێ دەكەوێت؛ كە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی هەرێم وەك پیاوانی ڕژێمی پێشوو ناویان بهێنرێت!
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.