نەخشەی هەرێم لەبەغدایە

سەرتیپ جەوهەر

1 کاتژمێر پێش ئێستا

بەیاننامەكەی دوێنێی بارەگای بارزانیی، بارودۆخی ناوخۆی پارتیی و بارودۆخی گفتوگۆی نێوان یەكێتیی و پارتی دەرخست. لەدۆخی ناوخۆی پارتی دەگەڕێین، ئەوە پەیوەندی بەئێمەوە نییە، بەڵام بەیاننامەكە دەریخست پەیوەندی نێوان یەكێتیی و پارتی باش نییەو هێشتا زەمینەی كۆبونەوەو رێككەوتنی جددی نییە. لێرەو لەوێ‌ لەبەشێك لەمیدیا حزبیی و سێبەرەكان باسی رێككەوتن دەكرا، بەڵام ئەو باسكردنە زیاتر حەزو ئارەزوو بوو بەبێ‌ بوونی زەمینەی رێككەوتن.
هەوڵێك هەبوو كۆبونەوەیەكی چوارقۆڵیی نێوان هەردوولا، بەڵام ئامادەنەبوونی كاك مەسرور بارزانیی لەكۆڕبەندەكە ئاماژەبوو بۆ شكستی هەوڵی كۆبونەوەكە, بۆیە پێناچێت سەربگرێت. هەرچەندە دەگوترێت بەهۆی ئامادەنەبوونی عەلی زەیدییەوە بووە، بەڵام لەم بارودۆخە، ئەم لێكدانەوەیە وەرناگیرێت. ئەو، لەكۆڕبەندەكە قسەی نەكرد، دوور نییە خۆی هەڵگرتبێت لەكۆڕبەندی زانكۆی ئەمریكی لەدهۆك (مێپس) كە چەند ساڵێكە لەمانگی11 رێكدەخرێت، قسەی خۆی بكات.
لەكۆڕبەندەكە بڕیاربەدەستانی یەكێتیی قسەی خۆیان بەڕوونی كرد، لەسەر هاوپەیمانێتیەكەیان لەگەڵ نەوەی نوێ و لەسەر داواكارییەكانی خۆیان بۆ پێكهێنانی حكومەت دووپاتكردەوە.
رێككەوتنی نێوان یەكێتیی و پارتی نەشتەری زۆری دەوێت، ساڵانێكی زۆرە گرفتی نێوانیان كەڵەكە دەبێت، ئێستا بەجۆرێك ئاڵۆز بووە، كردنەوەی هەم كاتی پێویستە هەمیش فشاری دەرەكیی. 
ناكۆكی نێوانیان تەنها بریتی نییە لەدابەشكردنی وەزارەتەكان، بەڵكو دۆسیەی ئەمنی و ئیدارەدانی ئابوریی و پەیوەندییەكان و دووبارە رێكخستنەوەی پەیكەربەندی حكومەت و پرسی شەراكەت لەحوكمڕانیی و بڕیاردان دەگرێتەوە! بێگومان چارەسەركردنی ئەمانە پێویستی بەكاتێكی زۆرە چونكە متمانە لەنێوان هەردوولا لەق بووە. 
ئەو عینادیەی ئێستای سەركردایەتی بڕیاربەدەستی كوردستان و گیربوون لەیەكتریی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەكاتێكدایە كە:-
یەكەم: سكاڵایەكەی دادگای فیدراڵ سەبارەت بەشەرعیەتی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم رۆژی 26 مانگ رۆژی دانیشتنەكەیەتی، رەنگە كارتێكی بەهێز بێت و بەپێی هەندێك پێشبینی رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ یەكیلایی بكرێتەوە. ئەگەر تا ئەوكاتە پارتی و یەكێتیی رێكنەكەون بەدوورنازانرێت پەرلەمان هەڵوەشێنرێتەوەو بڕیاریش لەبارەی شەرعیەتی كاروبارەكانی دوو ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێمەوە بدات.  بۆیە ئەگەر تا كۆتایی ئەمساڵ حكومەت دروستنەبێت، پێشبینی خراپتر دەكرێت.
دووەم: حكومەتی عیراق لەئامادەكردنی بودجەی ساڵی داهاتووە. لەناو پرۆژەی ئەو بودجەیەدا پرسی رادەستكردنی نەوت و كۆت و بەندەكانی سەر داهاتی هەرێم و گێڕانەوەی بۆ بەغدا زۆر زیاتر كراون، ئەمەش لەڕێی یاسای ئیدارەدانی دارایی عیراق و هاوكات ناچاركردنی هەرێم بەڕادەستكردنی بڕی زیاتری نەوت.
هەموو پێشبینیەكانی دەكرێن بەو ئاراستەیەیە كە هەرێم تەواو ئابلوقە بدرێت و دەسەڵاتەكانی دارایی و ئابوریی لێ‌ كەمبكرێتەوە. هیوادارین بودجەی ساڵی نوێی عیراق نەبێتە هۆكاری زیاتر دوولەتكردنی هەرێم و كاریگەری لەسەر موچەو بژێوی خەڵكی كوردستان دروستنەكات.
خولاسە؛ هەرێم بەو دۆخە خراپەی حوكمڕانیی و نەبوونی حكومەتێكی نوێی شەرعیی و پەرلەمانێكی كاراو یەك بڕیاریی، بەئاراستەیەكی خراپدا دەڕوات و حوكمڕانان ئەنجامەكەیان لێ‌ دیارە، بەڵام عینادیی و بەرژەوەندی حزبی و شەخسی كۆسپە لەبەردەم گرتنەبەری بڕیارو رێگەی دروست. لێكەوتەی درێژەكێشانی خراپی دۆخی چەقبەستووی هەرێم ساڵی نوێ‌ روونتر دەبێتەوە، مخابن رەنگە دۆخی هەرێم زیاتر پاشەكشە بكات و رۆڵ و دەسەڵاتەكانی زیاتر لەدەستبدات! ئەوكاتەش رەنگە دەرفەت نەمینێت تا وەكوخۆی لێبكرێتەوە. هەموو ئەوەی روودەدات كە لەئێستاوە پێشبینی دەكرێت، ئەوانە لێی بەرپرسن كە ناتوانن بەسەر بەرژەوەندی حزبی و شەخسی بازبدەن و ئەنجام قەوارەی هەرێم زەرەری لێدەكات.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.



شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group