حكومەتی خەوتو

زاهیر صدیق

60 خولەک پێش ئێستا

سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی ئاگاتان لێیە..؟ 26 جار پەیوەندیمان كردوە.
كاتێك حكومەت خۆی دەبێتە هۆكاری بێزاری و نەهامەتیی هاوڵاتی، مرۆڤ چی بكات؟ سكاڵا لای كێ  بكات؟ و ناڕەزایەتیی خۆی بە چ شێوەیەك بگەیەنێت؟ ئەم نادادپەروەرییە تا كەی بەردەوام دەبێت؟ كاتێك كارەبای ماڵەكەت  (بلۆك)دەكرێت و بۆ زیاتر لە 48 كاتژمێر بە تەواوی دەبڕدرێت، و هیچ كەسێكیش نازانێت ئەم بڕینە تا كەی بەردەوام دەبێت،… 

ئەمە تەنها كێشەی كارەبا نییە، بەڵكو نیشانەی ڕێزنەگرتنە لە هاوڵاتی و پشتگوێخستنی مافی ژیانی ڕۆژانەیە. ئەوەی مرۆڤ تووڕە و بێزار دەكات تەنها بڕینی كارەبا نییە، بەڵكو بێدەنگی، بێپەروایی و بێ‌ وەڵامییە لەلایەن ئەو دامەزراو و لایەنە پەیوەندیدارانەیە كە بەناوی پرۆژەی ڕووناكی كاردەكەن ژمارەیەكی تەلەفۆن (1992) بۆ پەیوەندیكردن دانراوە. بەڵام كاتێك پەیوەندی دەكەیت و سكاڵا دەكەیت، هەموویان وەك یەك توتی ئاسا یەك وەڵام یەك  قسە دەكەن و دەڵێن: سكاڵاكەت تۆمار دەكەین و بە زووترین كات كارەباكەت بۆ دەگەڕێتەوە. بەڵام دواتر هیچ كارێك ناكرێت و كارەباكەمان هەر بلۆك كراوە. 

لە 48 سەعاتی رابرو 26 جار پەیوەندیمان كرد هیچ هەر هیچ نەكراوە، هاوڵاتی نازانێت ڕوو لە كوێ بكات و پەنا بۆ كێ ببات؟ لە لایەكەوە، حكومەت دواهەمین فلس و دیناری هاوڵاتی وەردەگرێت، لە لایەكی تریشەوە هیچ دڵنیایی و خزمەتگوزارییەكی جێگیر و شایستەی كارەبای گشتی بۆ ماڵەكان بەردەست نییە. ئێستا لەماڵی ئێمەدا هیچ قەرزدارییەك نییە، هیچ بیانویەك نییەو هیچ كەموكورتییەك لە بەرامبەر بڕینی كارەبا نییە، بەڵام كارەبا بەشێوەیەك دەبڕدرێت كە مرۆڤ هەست دەكات بە ئەنقەست لە مافی خۆی بێبەش كراوە. لە هەمان كاتدا، دەیان ملیۆن دیناری خۆمان لای ئەم حكومەتەیەو ئەو قەرزاری ئیمەیە. بەڵام لە بەرامبەر ئەو پارەو ئەو مافەی هاوڵاتیبونمان، چی وەردەگرین؟ سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت، ئایا لە قوڵایی ئەو خەم و ناخۆشییە ئاگادارن كە بەسەر ئەو هاوڵاتییانەدا دێت كە دەستیان بە بەرپرسان ناگات؟ ئەگەر ئاگادارن، بۆچی ئەم بێدەنگییە؟ ئەگەر ئاگادار نین، ئەمە خۆی كێشەیەكی گەورەترە.

بەڕێوەبردن تەنها كۆكردنەوەی پارەو دابینكردنی داهات نییە. بەڕێوەبردن (هونەرە) هونەری بەڕێوەبردنی هەموو سێكتەرەكان و جومگەكانی دەسەڵات و پاراستنی ماف و ئارامیی هاوڵاتییە. ئەمڕۆ تەنانەت منداڵێكیش تێدەگات كە بەرپرسان و دەوروبەریان لە چ جۆرە ژینگەو ژیانێكدا دەژین و خەڵك لە چ بارودۆخێكی سەختی ڕۆژانەدا بەسەر دەبات. ئێمە شتێكی زۆرمان ناوێت.كارەبا، خزمەتگوزاری و ژیانێكی ئاسایی، مافی هاوڵاتییە نەك خێرو بەخشینێك لەلایەن حكومەتەوە. ئەگەر حكومەت پارەی هاوڵاتی وەردەگرێت دەبێت لە بەرامبەریدا خزمەتگوزارییەكی شایستەو بەردەوام پێشكەش بكات. ئەمە داواكاری نیە (ئەمە مافە) لەهەر شوێنیكی دنیا حكومەت ستەم لە هاوڵاتی خۆی بكات مەفروزەو دەبێت قەرەبوی بكات و باجەكەی بدات. ئەگەر حكومەتێك لە خەمی خۆیی و ئایندەی میللـەتەكەی بێت. ئەگەر حكومەتێك خودی خۆی یاسا پەیڕەو بكات و یاسای مافی هاوڵاتیەكانی پێشێل نەكات.

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group