ئەگەر بەغا بەهێز ببێت...

عەلی عەونی

11/06/2019

هەموو سیاسییەكانی عێراق و زۆر لە سیاسییەكانی كوردستان، لەوبڕوایەدان كە بەهێزیی بەغا دەبێتەهۆی بەهێزیی هەرێمی كوردستان.
بەداخەوە ئەزموونی گەلەكەمان تەواو پێچەوانەی ئەمە پێشاندەدات. كوردستان لەو سات و رۆژانەدا بەهێز بووە و پێشكەوتووە و ئاوەدان بووە، كە بەغا لاواز بووە. ئەم چەند شەقام و قوتابخانە و خەستەخانانەی كە دروستكراون رێك لە كاتی لاوازبوونی بەغا دروست كراون. بەداخەوە بەهێزبوونی عێراق و بەغا هەمیشە هاوكات بووە لەگەڵ وێرانكردن و دواخستنی كوردستان.
پرۆسەی تەعریب لە كاتی بەهێزیی بەغا، ئەنفال لە كاتی بەهێزیی بەغا و بڕینی بودجە و قووتی كوردستانیان و پەلاماری حەشدی شەعبی و داگیركردنی كەركوك لە كاتی بەهێزیی بەغا روویانداوە.
حەیدەر عەبادی هەستی بە بەهێزی كرد كە پەلاماری داین.
بیردانی گەلی كوردستان پڕە لەو كارەساتانەی كە بەغا لە كاتی بەهێزیدا بەسەری هێناوین. بەغا یەكجاریش ئیسپاتی نەكردووە كە ئەگەر هێزی هەبێت گەلی كوردستان دەپارێزێت و كوردستان ئاوەدان دەكات و بەهێزی دەكات و پێشی دەخات.
ئەوە لەسەر عێراق و سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی بەغایە كە پێچەوانەی ئەزموون و سەربردەی گەلی كوردستان لە كاتی بەهێزیی بەغا بسەلمێنن. ئەگینا ئەوەندەی گەلی كوردستان لە پەلاماری لەشكەری ئەو چوار وڵاتە دەترسێت، ئەوەندە ئومێدی بەوە نییە كە تەنانەت لە كاتی لافاو و بومەلەرزەش وەك رێكخراوێكی خێرخواز بە هانای بێن.
هەر ئەوەندەی كە دارستان و ئاقارمان ناسووتێنن و یاخود ئاوی رووبارەكانمان لێ نابڕن و یا بە پێچەوانەوە لە كاتی بارانەكان بەنداو و رووبارەكان بەرنادەنە سەرمان لێیان مەمنونین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group