موچەی پزیشكانی گرێبەست بۆ 600 هەزار دینار زیاد دەكرێت

39 خولەک پێش ئێستا عێراق

نەوا-
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی عێراق، فەرمانگەی بودجە خەریكی وردبینییە بۆ ناوی ئەو پزیشكانەی كە لە دامەزراوە تەندروستییەكاندا بە شێوەی گرێبەست كار دەكەن.
 ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لە كاتێكدایە، كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا 200 هەزار دینار بخاتە سەر موچەی مانگانەیان تاوەكو بگاتە 600 هەزار دینار.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەم زیادكردنە لە بەرواری دەستبەكاربونیانەوە بۆیان هەژمار دەكرێت و كاریگەریی داراییەكەشی بە وردی دیاری دەكرێت تاوەكو بە بێ گرفت بگاتە دەستیان. 
فەرمانگەی بودجە پشتبەست بەو ناو و داتایانەی كە لە وەزارەتی تەندروستییەوە بە نوسراوی ژمارە 76753 لە 10ی 9ی 2026 بۆیان نێردراوە، كارەكانی وردبینی ئەنجام دەدات. 
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی، بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا هەمو ڕێكارە داراییەكان تەواو ببن بۆ ئەوەی بڕیارەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وەزارەتی دارایی جەختیكردوەتەوە، تیمەكانمان بەردەوامن لە تەواوكردنی ڕێكارەكان بۆ ئەوەی شایستە داراییە نوێیەكانی پزیشكانی گرێبەست لە كاتی خۆیدا خەرج بكرێن ئەم زیادكردنە مافێكی یاساییە و هەمو ئەو پزیشكانە دەگرێتەوە كە ناویان لە لیستەكانی وەزارەتی تەندروستیدا هاتوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group