كێ میدیای لە سلێمانی هەتیوخست؟

كوردستان ئەحمەد

06/10/2019

لە باشوری كوردستان میدیا لە هەموو ئاستەكان خەریكە بەڕادەی ژمارەی كادیر و كارمەند و بارەگا حزبییەكان زۆر دەبێت و هەریەكە و لە جۆر و شێوەی تایبەتی خۆیان بۆ میدیا تاودەدەن، ئەوەش دوو زیانی گەورە و دوو سوودی باشی هەیە، لەگەڵ ئەوەی دەروازەیەكە بۆ سەرقاڵكردنی خەڵكی و بەهەدەردانی پارەی خەیاڵی، دەلاقەیەكی باشیشە بۆ سپیكردنەوەی رووی حزب و هەروەها هەلی كاری باشیشی بۆ ژمارەیەكی زۆر گەنج رەخساندوە.
ئەمە شیكاریەكە دەربارەی میدیا لە هەرێمی كوردستان و هەروەها هۆكاری زۆری ژمارەكانیان و چۆنیەتی میدیاكان و هەروەها خەرجی دارایی و كەوتن و سەركەوتنی بەشێك لە میدیاكان و هۆكاری ئەو دوو ریتمەی كە میدیا لە هەرێمی كوردستاندا تێی كەوتووە.
میدیا چییە؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە كە هەموومان لە خۆمانی دەكەین و كەسیش نە ئەكادیمییە زانستییەكانی زانكۆكان، نە ئۆرگانە پەخشكەرە میدیاییەكانی حزب وەڵامێكی گونجاوی داوینەتەوە و نازانین چۆن روبەڕوی وەڵامێكی دروستی بدەینەوە و هەمبانەی كوردیش زۆر لاوازە لە زانیاری تەواو لەو بوارەوە.
ئێستا هەرێمی كوردستان بووە بە ناوەندێك بۆ دروستكردن و پەرەپێدانی میدیای جیهانی و ناوخۆیی، ئەمەش وایكردووە كە زۆریك لە خەڵك و هاووڵاتیان نەتوانن روبەڕوی ئەو هەموو میدیایە بوەستن و بە ئەستەم میدیای نیشتمانی و هەواڵی دروست و هەواڵی ناڕاست لەیەكتر جیا بكەنەوە.
 میدیا لە جیهاندا ئاستێكی باڵای بڕیوە. ئەگەر جاران لە رێگەی رادیۆیەك یاخود تیڤیەكی حزبی یان حكومەتییەوە زۆر بەقورسی هەواڵێكت دەستدەكەوت، لەراستیدا لەئێستادا هەواڵی هەموو جیهان لە رێگەی مۆبایلەكەتەوە دێتە گیرفانت بە هەر جۆرو شێوەیەك خۆت بتەوێت دێتە بەردەست ئەوەش وایكردووە بەبەردەوام ئاگاداری دۆخی جیهان بیت و بە ئەستەمیش بۆت دەردەكەوێت كە كام میدیا دەتوانێت ئەو هەواڵەت بەدروستی بداتێ.
 
وەرزی یەكەم
میدیای سلێمانی
بەهەتیوی لەدایك بوو، بەهەتیوی مرد
سلێمانی كە لێرەدا مەبەستم لێی ناوچەی سەوزە، لە هەرێمی كوردستاندا مێژویەكی زۆر دێرینی لە پرسی راگەیاندن و كاری میدیاییدا هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەو دەسەڵاتە سیاسی و سەربازیانەی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەی سلێمانی هەبووە، بەڵام ئەم میدیایە، كە حوكم بەسەر ناوچەكەدا دەكات، هەرگیز نەیتوانیوە لەگەڵ نەوەی نوێی میدیادا خۆی بگونجێنێت، لەبەرئەوەی هەم عەقڵی پشت میدیاكە لاواز بووە، هەم ئەو پارە پێویستەی كە دەبوو دابنرێت بۆ میدیاكە، دانەنراوە و ئەپدەیتی مەعلوماتی جیهانی بۆ ئەو پرسە نەكراوە.
 میدیای سلێمانی نەیتوانیوە لە ناوچەی سەوز بچێتە دەرەوە، خۆ ئەگەر توانیبێتی بچێتە دەرەوەش، نەچوەتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و نەیتوانیوە لە ناوەندەكانی بڕیاردان لە جیهاندا نزیك ببێت، ئەمەش وایكردوە هەر بەهەتیوی بمێنێتەوە كە ئەو نەخۆشییە ئێستا بەشێك لە میدیاكانی ناوچەكەی مراندوە و بەشێكی تریش لە میدیاكانی ئیفلیج كردووە كە ناهێڵێت لە بیناكەی خۆیشی بچێتە دەرەوە؟
 
وەرزی دووەم
عەقڵ و پارەو میدیا
 سێ توخمی سەرەكی كاری میدیایین، ئەگەر لەراستیدا هەر لایەك بیەوێت میدیایەكی سەركەوتو و پێشكەوتووی هەبێت بۆئەوەی ركابەرایەتی میدیا جیهانی و ناوخۆییەكانی پێبكات، بێگومان دەبێت پارەیەكی خەیاڵی لەو میدیایەدا خەرج بكات، ئەویش بۆ ئەوەیە كە میدیاكە بتوانێت خۆی دوبارە پارە پەیدابكاتەوە، چونكە لە رێگەی بەرزی كوالێتییەكەوە پارەیەكی خەیاڵی وەردەگرێت.
 لە راستیدا هەر پارە بۆ دروستكردنی میدیا گرنگ نییە، بەڵكو لە پارە گرنگتر ئەوەیە تۆ عەقڵێكی باشت هەبێت تاوەكو بتوانیت میدیایەكی باشی پێ بەڕێوەبەریت و بە بەردەوام ئەمە بۆ وەرگر و خاوەنەكەشی ئەپدەیت بكاتەوە، خۆ ئەگەر ئەمە نەبێت، لە راستیدا هیچ میدیایەك ناتوانێت لە دایك ببێت و گەورە ببێت و تۆو بچێنێت.
 
وەرزی سێیەم
ئۆنلاین میدیا چییە؟
ئاگاداربە جیهان بە راستەوخۆ تۆ دەبینێت
لەدوو رووەوە میدیا لە هەرێمی كوردستاندا زۆر بەرەو پێشەوە چوە، لەڕووی تەكنیكی كە توانیویەتی بەرەو ئاستی ستاندەری جیهانی بڕوات و رووبكاتە ئاستێكی باڵای نێودەوڵەتی و لەڕووی ناوەڕۆكەوە كە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت نیشانت بدات و پێت بڵێ چۆن ئەو روداوە رویداوە.
 ئۆنلاین میدیا واتە میدیایەك كە بە بەردەوام بە راستەوخۆ هەموو جیهانت بۆ دەگوازێتەوە و جیهانت نیشان دەدات، ئەوەش بۆئەوەیە تۆش وەك هەر كەسێكی دیكە بە جیهان ئاشنا و ئاشكرا بیت.
ئەم جۆرە میدیایە لە جیهاندا گرنگییەكی گەورەی هەیە، بۆ وێنە لە ئەمریكا گروپی كەناڵەكانی فۆكس بەبەردەوامی لە ئاستی ئەمریكادا روماڵی سەرجەم رووداوە سیاسی و ئابوری و تەنانەت كۆمەڵایەتی و ئەوانی دیكەش دەكات. لە وڵاتانی ئەوروپاش بەهەمان شێوە میدیای تایبەتی ئۆنلاینیان هەیە كە بەبەردەوام جیهان نیشانی وڵاتەكانی خۆیان دەدات وەك بی بی سی لە بەریتانیا و زێد لە ئەڵمانیا و كەناڵ 24ی ئیسرائیل و كەناڵی فەرەنسا و 24ی فەرەنساش بەهەمان شێوە بەشێوەی ئۆنلاین جیهان نیشانی وڵاتەكەی خۆیاندەدەن.
لە ناوەندە عەرەبی و وڵاتانی عەرەبیشدا دامەزراوە ئۆنلاینە میدیایەكان زۆر زۆرن و لە هەرە بەهێزو باشترینەكانیان گروپی كەناڵەكانی جەزیرەو ئەلحەدەس و سكای نیوز و ئەو كەناڵانەی دیكەیە، كە پێویست ناكات باس لە ئاراستەی سیاسییان بكەین.

ئۆنلاین میدیا پشت بەچی دەبەستێت؟
ئۆنلاین میدیا پشت بەدوو كۆڵەكەی سەرەكی دەبەستێت و چەندین بەشی دیكەشی هەیە كە زیاتر لاوەكین نەوەك بریتیبن لە پێگەی سەرەكیی میدیای ئۆنلاین، ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم: رووماڵ
دووەم: شرۆڤە
‎یەكەم: رووماڵ گرنگترین بەشی میدیای ئۆنلاینە كە زۆر زەرورە میدیا بەبەردەوام رووماڵ بكات و بەبەردەوام ئەو بابەتانە شیبكاتەوە كە روودەدەن روویان داوە و هەندێك بابەتی پێشنیاركراو وەك هەڵبژاردن و هەر شتێكی تر.
ئۆنلاین میدیا پێویستی بە رووماڵە، رووماڵیش پێویستی بە كۆمەڵێك شتی گرنگ هەیە وەك بێژەر و پێشكەشكاری پێشكەوتو و شارەزا بۆئەوەی بتوانێت بە تێروتەسەلی ئەوەی هەیە بیڵێت.
هەروەها پەیامنێرێكی سەركەوتوش كە بتوانێت پەیامەكانی كاتی رووداوەكە وەك خۆی لە كاتی خۆیدا بگوازێتەوە بۆ وەرگر، پێویستە لەبەشی هەواڵدا بەتەواوەتی زانیاری و گرافیك بخرێتەبەردەست ئەو كەناڵە تاوەك بینەر تێربكات لە زانیاریەكان ئەوەش بۆئەوەیە رووماڵەكە بەتەواوەتی بچێتەپێشەوە.

‎دووەم/ شرۆڤە
‎شرۆڤە واتە شیكردنەوەی ئەوەی كە رودەدات بە شێوەیەكی ئەكادیمی پڕ لە زانیاری كە ئەویش پێویستی بە میوانی تایبەت هەیە، تا بتوانێت زانیاریەكان وەك خۆی لە ناوەندی رووداوەوە بۆ خەڵك شیبكاتەوە و ئەم شیكردنەوەیەش سێ شێوازە شێوازی یەكەم شیكردنەوەی راستەو خۆیە، كە كەسایەتی پەیوەندیدار رووداوەكە شیدەكاتەوە، كە چۆن روویداوە و كەی روویداوە.شرۆڤەی دووەمیش بریتییە لە شیكردنەوەی نیمچەدوور كە ئەوەش لە كاتی رووداوەكەدا دەكرێت و رووداوەكان شیدەكرێنەوە لە رێگەی كەسانی شارەزاو پسپۆڕی بوارەكە بۆئەوەی بەجیهان بڵێن كە رووداوەكە چییە و چۆنە و ئەگەر ئەم رووداوانە بەردەوام بن چیدیكە روودەدات.
‎شرۆڤەی سێیەم وەك شرۆڤەی كۆی گشتی رووداوەكانە كە لە دوا كاتژمێرەكاندا دەكرێت ئەوەش بۆ ئەوەیەكە بەتەواوەتی و بەتیرۆتەسەلە بابەتەكە بۆ خەڵك شی بكرێتەوە و لەم شرۆڤەیەدا پشت بە كۆمەڵێك زانیاریی نوێ دەبەستێت بۆئەوەی جیهان لە دیوی پشتەوەی بابەتەكە تێبگەن.
‎بەو شێوازە شرۆڤەو روماڵە لە تیڤیەكاندا دەوترێت میدیای ئۆنلاین كە بەشێكی زۆر لە میدیاكانی باشور پشتی پێدەبەستن و بەوردی نیشانی جیهانی دەدەن كە چی دەگوزەرێ ئەوەش گرنگترین شتی دونیایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group