نزار ئامێدی: پێشمەرگە دامەزراوەیەكی دەستورییە بەشێك نیە لەسنورداركردنی چەك
2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عێراق لە وتارێكدا لەمیانەی بەشداریكردنی لە هەشتەمین كۆنفرانسی دیالۆگی بەغدا بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتە سیاسییەكان ڕایگەیاند، یەكلاییكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی نوێ لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا ئەنجامدەدرێت و لێكتێگەیشتنەكان لە قۆناغی كۆتاییدان.
باسی لەوەشكرد، شكستی ئەم حكومەتە، بە واتای شكستی هەموانە، بەرپرسیارێتیی قۆناغەكە لەئەستۆی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە بەشداربوەكاندایە.
نزار ئامێدی روونیشیكردەوە، عێراق لە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە ئاڵنگاریی ئابوری و خزمەتگوزاری و ئەمنیدایە، بۆیە ڕێگەپێدراو نییە بەرژەوەندییە تەسكی حزبی و تایبەتییەكان ببنە بەربەست لەبەردەم جێبەجێكردنی مافە دەستورییەكان و دەستبەكاربونی تەواوەتیی وەزارەتەكان، داوای لە سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كرد گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لەبەرچاو بگرن و پشتگیری لە بەرنامەی چاكسازی و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت بكەن.
سەبارەت بە هێزەكانی پێشمەرگە، سەرۆك كۆماری عێراق ڕونیكردەوە، هێزی پێشمەرگە دامەزراوەیەكی دەستورییە و ڕۆڵی خۆی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێدەكات، ئەوان لایەنێك نین لە پرۆسەی كۆنترۆڵكردنی چەكدا.
سەبارەت بەدۆسیەی كۆنتڕۆڵكردنی چەك و هەڵوێستی لایەنی ئێرانی، نزار ئامێدی ئاشكرایكرد، هیچ بەرپرسێكی ئێرانی داوای دواخستنی پرۆسەی كۆنترۆڵكردنی چەك نەكردوە، بەرپرسانی ئێران بڕیارەكەیان بە عێراقی پشتڕاستكردوەتەوە.
دەشڵێـت، گروپە چەكدارەكان بەشدارییان لە شەڕی داعشدا كردوە و قوربانییان داوە، دەوڵەت داوایان لێدەكات چەكەكانیان ڕادەست بكەن و تێكەڵ بە هێزە ئەمنییەكان ببن.