ئیسماعیل بەقایی: جەخت لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق دەكاتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكرد، لە سەرجەم گفتوگۆ و پەیوەندییەكانی نێوان بەرپرسانی ئێران و عێراقدا، بە شێوەیەكی گشتگیر ئەو بابەتانە تاوتوێ دەكرێن كە دەچنە چوارچێوەی بەرژەوەندی یان نیگەرانییە هاوبەشەكانی هەردوو وڵاتەوە.
باسی لەوەشكرد، راوێژەكانی نێوان هەردوولا كۆمەڵێك پرسی فراوان دەگرنە خۆ، لەوانە دابینكردنی ئاسایشی سنوورەكان، فراوانكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان، لەگەڵ بەردەوامیدان بە پەیوەندییە دۆستانەكانی نێوان هەردوو گەل.
بەقایی جەختیشیكردەوە، سەركردەكانی ئێران و عێراق بە تەواوی ئاگاداری پاشخانی مێژوویی پەیوەندییەكانی نێوانیانن و درك بەو راستییە دەكەن كە هەردوو وڵات دراوسێی هەمیشەیی یەكدین، وتیشی، پتەویی دۆستایەتیی نێوان دراوسێ هەمیشەییەكان لە بارودۆخە هەستیار و سەختەكاندا زیاتر لە جاران دەسەلمێت.