ئەمریكا: رەشنوسی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ تالیبان ئامادەیە

28/01/2019 جیهان


ئەمریكا ئاشكرای دەكات لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان رەشنوسی رێككەوتنێكی ئاشتیان ئامادەكردووە و بەپێی ئەو رێككەوتنە ئەگەر بزوتنەوەكە گەرەنتی ئەوە بكات كە ئەفغانستان نابێتە حەشارگەی گروپە تیرۆریستیەكان، واشنتۆن هێزەكانی خۆی لەو وڵاتە دەكشێنێتەوە.
زەڵمای خەلیلزاد، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان كە ماوەیەكە لە داننوستاندایە لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبان، بە رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی راگەیاندووە: لەگەڵ تالیبان گەیشتوونەتە داڕشتنی رەشنوسی رێككەوتنی ئاشتی، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە دەقی رێككەوتن چەند وردەكاریەكی ماوە.
ئاشكراشی كردووە، بەپێی ئەو رەشنوسە لە ئەگەری پابەندبوونی تالیبان بە ئاگربەست و گەرنتی كردنی ئەوەی كە ئەفغانستان و ناوچەكانی ژێر دەستی ئەو بزوتنەوەی نابنە مۆڵگە و حەشارگەی رێكخراوە تیرۆریستیەكان، ئەمریكاش هێزەكانی خۆی لەو وڵاتە دەكشێنێتەوە.
خەلیلزاد ئاماژەی بەوەشكردووە: تالیبان بەڵینیداوە نەهێڵیت ناوچەكانی ژێر دەستی ببنە شوێنی مانەوەی ئەو كەس و گروپانەی مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لەدوای رووداوەكانی 11 ی سیسپتەمبەری 2001 ئەمریكا هێرشی كردە  سەر ئەفغانستان و كۆتایی بە دەسەڵاتی تالیبان هێنا، ئەمەش بە هۆی ئەوەی رێكخراوی قاعیدە كە لە پشت ئەو هێرشانەوە بوو، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی تالیبان دەمایەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group