چەكێكی نهێنی پێشكەوتوی ئەمریكا ئاشكراكرا

11/05/2019 جیهان

نەوا
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی ئاشكرایكرد، واشنتۆن لەساڵی 2011دا رۆكێتێكی نوێی بەرهەمهێناوە و ناوی "نینجا"یە و ناتەقێتەوە تەنها ئامانجەكەی پارچە پارچە دەكات، كە لە عیراق و چەند وڵاتێكی دیكەدا بەكارهێنراوە.
رۆژنامەكە لەراپۆرتێكیدا بڵاویكردوەتەوە، دەیان بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریكی دانیان ناوە بەوەدا، كە ئەمریكا چەكێكی نهێنی هەیە زۆر وردە و چەند ساڵێكە بەكاری دەهێنێت، ئامانجی تاك دەپێكێت بەبێ‌ ئەوەی هیچ تەقینەوەیەك روبدات.
بەپێی راپۆرتەكە، رۆكێتەكە ناتەقێتەوە و كێشی 45 كیلۆگرامە، بە 6 بازنەی تیژ دەورە دراوە و توانای بڕینی سەقفی باڵەخانە و ئۆتۆمبێلی هەیە و دەتوانێت هەموو شتێك ببڕێت، یەكێك لەبەرپرسانی ئەمریكی وتوویەتی ئەو رۆكێتە دەتوانێت نەفەرێكی ناو ئۆتۆمبێلێك بكاتە ئامانج بەبێ‌ ئەوەی زیان بە سەرنشینانی دیكەی ناو ئۆتۆمبێلەكە بگەیەنێت.
رۆكێتەكە لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هەڵدەدرێت، چەكەكە لەسەردەمی دەسەڵاتی باراك ئۆباما لەكۆتاییەكانی ساڵی 2011 دروستكراوە و تائێستاش بەنهێنی هێڵراوەتەوە.
"وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لەراپۆرتەكەیدا باس لەوەدەكات، ئەو جۆرە چەكە پلانی B بووە لەكاتی پرۆسەی سەربازی كوشتنی ئوسامە بن لادن، هەروەها لە لیبیا و سوریا و عیراق و یەمەن و سۆماڵ بەكارهێنراوە، بەڵام تائێستا تەنها دوو هێرش تەئكیدكراوەتەوە ئەوانیش لەلایەن وەزارەتی بەرگری و ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی  CIA یەوە ئەنجام دراون، بەپێی زانیاریەكان رۆكێتەكە لەلایەن كۆمپانیای "لوكهید مارتن كۆرپ" بۆ دروستكردنی رۆكێتەكانی CIA و وەزارەتی بەرگری دروستكراوە، بەڵام كۆمپانیاكە رەتیدەكاتەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group