هەولێر..بازاڕی تەعجیل لە شەوانی رەمەزاندا جمەی دێت

6 رۆژ پێش ئێستا نەوا

لە هەولێر، بازاڕی تەعجیل لە شەوانی رەمەزاندا جمەی دێت، خاوەن چێشتخانەیەكیش دەڵێت"جگە لە هەولێر، لە دهۆك، سلێمانی، كەركوك و شارەكانی دیكەشەوە كڕیارمان بۆ دێت و سەردانمان دەكەن، بەتایبەت دێن بۆ خواردنی گۆشتی كۆتر، كەو، پۆڕ و سوێسكە، فروج و ریشۆڵە".

بازاڕی تەعجیل، بریتییە لە شەقامێكی كۆن و یەكێكە لە بازاڕە هەرە كۆن و قەرەباڵغەكانی شاری هەولێر و تا ئێستاش بە شێوە كلاسیكییەكەی ماوەتەوە و ئەم بازاڕە لە شەواندا بەتایبەتیش لە شەوانی رەمەزاندا زۆرترین خەڵك سەردانی دەكات و كاتەكانیان لەوێ بەسەر دەبەن.

ئەم بازاڕە لە ناوەڕاستی گەڕەكی تەعجیل هەڵكەوتووە كە یەكێكە لە گەڕەكە هەرە كۆنەكانی شاری هەولێر و بەوە ناسراوە جۆرەها خواردنی لێیە بەتایبەتی گۆشتی چەندین جۆر باڵندە و دوكانەكانیش لە مانگی رەمەزاندا تا پارشێو بەكراوەیی دەمێننەوە و بەشێك لە خەڵك لەم بازاڕەدا پارشێو دەخۆن.
خاوەنی یەكێك لە چێشتخانەكان كە گۆشتی چەندین باڵندە ئامادە دەكات، بە ئاژانسی ئەنادۆڵی وتوە، ماوەیەكی درێژە لەو شوێنە كار دەكات و بازاڕەكە خواستێكی زۆری هاووڵاتیانی لەسەرە و جگە لە هاووڵاتیانی ناوخۆیی، گەشتیارانی بیانیش بۆ خواردنی گۆشتی باڵندەكان، سەردانی بازاڕی تەعجیل دەكەن.

لە چێشتخانەكاندا، چەندین مەنجەڵی گەورە دەبینرێت كە هەریەكەو جۆرێك باڵندەی تیادا دەكوڵێت و لەسەر شۆستەی شەقامەكانیش شوێنی دانیشتنی هاووڵاتیان كراوەتەوە و لەنێوان هەردوو چێشتخانەشدا، چایخانەیەكی لێیە كە جگە لە چا خواردنەوەش، چەندین یاری و نمایشی دیكەی تیادا دەكرێت، باوترینیشیان نمایشكردنی كۆترە گرانبەهاكانن.
لەوبارەیەشەوە موئەیەد موعتەسەم خاوەن چێشتخانە دەڵێت "ئەم شوێنەی من لێی كار دەكەم، 36 ساڵە چێشتخانەیە و من ماوەی 12 ساڵە لێرە كار دەكەم، ئەوانەی سەردانمان دەكەن ئەو كڕیارانەن كە پێشووتر هاتوونەتە ئێرە، جگە لە هاووڵاتییانی هەولێر لە دهۆك، سلێمانی، كەركووك و شارەكانی دیكەش كڕیارمان هەیە و سەردانمان دەكەن، بەتایبەت دێن بۆ خواردنی گۆشتی، كۆتر، كەو، پۆڕ و سوێسكە، فڕوج و ریشۆڵە".

لەبارەی ئەوەی گۆشتی كام باڵندە خواستی زیاتری لەسەرە، موئەیەد موعتەسەم وتویەتی "لە مانگی رەمەزاندا ئێرە زۆر قەرەباڵغە و ئەم بازاڕە لە كۆنەوە بە كەباب و باڵندە بەناوبانگە و بە رۆژ هەموو دوكانەكان داخراون و بەشەوانەش تا پارشێو دەمێننەوە و خەڵك لێرە پارشێو دەخوات و گۆشتی كۆتر لە هەموویان زیاتر خواستی لەسەرە".

لەگەڵ هەبوونی ئەم بازاڕە و بوونی چەندەها جۆر گۆشت، بەڵام دیوێكی هەرە گرنگی بابەتەكە، رەچاوكردنی لایەنی تەندروستییە و بۆ ئەو مەبەستەش موئەیەد موعتەسەم وتی "خواردنەكانمان لە رووی تەندروستییەوە گونجاوە چونكە هەمووی بە چەوری خۆیان ئامادە دەكرێن و هیچ رۆنێكیان تێناكەین و ئەمەش وایكردووە خواستێكی زیاتری لەسەر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا شەوی رابردوو لیژنەكانی چاودێری تەندروستی سەردانیان كردین و دەستخۆشییان لە ئێمە كرد لەبەرامبەر جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان لە رووی پاك و خاوێنی و كوالێتی خواردنەكانەوە".

گەڕەكی تەعجیل بە دووری نزیكەی 200 مەتر دەكەوێتە رۆژئاوای قەڵای هەولێر و یەكێكە لە گەڕەكە كۆنەكان كە كاتی خۆی زۆربەی دانیشتووانەكەی جوولەكە بوون و لە ساڵی 1954 شەقامی شا فەیسەڵی دووەم لە نێوان گەڕەكی تەعجیل و شەقامی باتا كرایەوە و ئێستاش یەكێكە لە شەقامە سەرەكییەكانی ناو شاری هەولێر كە كۆتری ئاشتی بە چواڕیانی شێخی چۆلی دەبەستێتەوە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group