مووسڵ.. دەستگیركردنی ئەمیرێكی داعش راگەیەنرا

19/05/2019 عێراق

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند كە ئەمیرێكی داعش لە شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا، دەستگیركراوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەداوە كە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكان، ھێزێكی فەوجی سوات سەربە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا، لە میانی هەڵمەتێكدا لە بەشی چەپی شاری مووسڵ، گەورە بەرپرسێكی داعش، بەناوی جیهاد ئەنساری دەستگیركردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە ئەو دەستگیركراوە ئەمیری كەتیبەكانی داعش بووە تایبەت بە ئاراستەكردنی گولـلە هاوەن لە ناوچەی دەشتی نەینەوا.
ئاماژە بەوە دەكرێت كە چەكدارانی رێكخراوی داعش لە سنووری پارێزگاكانی ئەنبار، دیالە، نەینەوا، كەركووك و سەڵاحەددین خۆیان حەشارداوە و ناوە ناوە لەو ناوچانەوە هێرش دەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی مەدەنی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group