دهۆك.. دۆستەك گوندی لەقلەقەكان

30/06/2019 نەوا

لە ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ ئاوەدانكردنەوەی گوندی دۆستەك سەربە ناحیەی رۆڤیا لە سنووری قەزای بەردەڕەش، جووتێك لەقلەق لەسەر یەكێك لە ستوونەكانی كارەبای گوندەكە دەگیرسێنەوە و تا ئێستا دەیان وەچە و نەوەیان ناوەتەوە لە سنوورەكە. سەرجەم ستوونی كارەبا و بڵندگۆی مزگەوت و شوێنە بەرزەكانیان كردووە بە هێلانە.

لەقلەق یان حاجی لەقلەقیشی پێدەگوترێت بەوە ناسراوە كە لە شوێنی سەقامگیر و ئەمان دەمێنێتەوە و هێندە دڵ ناسكە تەنها یەك جار ئازاردانی بەسە بۆ ئەوەی بتۆرێت و چەندین ساڵ ناوچەكە جێبهێڵێت.

لەقلەق یەكێكە لەو باڵندانەی كە سیفاتی كۆمەڵایەتی هەیە و هاوشێوەی مرۆڤ لەگەڵ یەكتری دەژین، بەڵام تیرەكانیان لەگەڵ یەكتر تێكەڵ نابن، خێزان خێزان بە جیا پێكەوە دەژین، هەر خێزانێك هێلانەی خۆی هەیە، شوێنی سەقامگیر و دوور لە جەنگ و جەنجالی هەڵدەبژێرن بۆ ژیان، مانەوە و زۆربوون. خواردنی سەرەكییان لە چەم و زۆنگاوی ناوچە كشتوكاڵییەكان دەست دەكەوێت، بەبێ ئەوەی زیان بە بەربوومی جووتیاران بگەیەنن.

حاجی لەقلەق رەنگی سپی سەر باڵەكانی رەشن و دەنووكێكی سوور و دوو قاچی درێژی هەیە، بە دەنووكە درێژەكەی راوی مار، مشك، جرج و بۆق دەكات و دەیخوات و هەر ئەو خوارندنانەش لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان بۆ بێچووەكانیان دەهێنن. تەنانەت بێچووەكانیان رادەهێنن لەسەر هەڵفڕین و چۆنییەتی راوكردنی ئەم گیانەوەرانە.

هاووڵاتییانی گوندی دۆستەك لە سنووری قەزای بەردەڕەش ئاشنان بە مێژوو و سروشتی لەقلەقەكان، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ئازاریان نادەن و و هێلانەكانیان ناشێوێنن. 

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی حاجی لەقلەق ئەوەیە لە شوێنە بەرزەكان ژیان دەكەن و هەر بە كۆمەڵیش كۆچ دەكەن و بە كۆمەڵیش لە كۆچەكەیان دەگەڕێنەوە.

تەمەنی حاجی لەقلەق بە شێوەیەكی گشتی لە ٣٠ بۆ ٤٥ ساڵ دەبێت، ساڵانە سێ بۆ شەش هێڵكە دەكات و دوای سی رۆژ كڕكەوتن چەند بێچووێك لەقلەق لە هێڵكەدا دەردەهێن و باوانی ئەم بێچووانە چۆن خۆیان بە خواردنی مار، مشك، جرج و بۆق دەژین، بەهەمان شیوە هەمان خواردن بۆ بێچووەكانی دەهێنن.

ئەوەی سەرنج راكێشە ئەوەیە كە ژمارەی ماڵەكانی گوندی دۆستەك و هێڵانەی حاجی لەقلەقەكانی گوندی دۆستەك جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە. 

خورشید ئەحمەد دانیشتووی گوندی دۆستەكە و ئاشنایەتییەكی دوور و درێژی لەگەڵ لەقلەقەكانی گوندەكەی هەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت "گوندی دۆستەك لە ساڵی ١٩٧٤ ئاوەدانكرایەوە، هەر لەو كاتەوە جووتێك لەقلەق لە یەكێك لە ستوونی گوندەكەمان و هێلانەیەك دروست دەكەن و هەر لەوكاتەوە هیچ كەس لەقلەقی ئازار نەداوە و ساڵ دوای ساڵ وەچە و نەوەكانی ژمارەیان زیاتر بوو". 

وتیشی: "لەقلەقەكانی سنووری گوندی دۆستەك كە ژمارەیان ١٤٠ جووت دەبێت، هەموو وەچە و نەوەی ئەو جووت حاجی لەقلەقەن كە بەرلە ٤٥ ساڵ لە گوندەكەمان جێگیربووە، گونجاوی كەشوهەوای ناوچەكەمان و تێگەیشتوویی و ئاژەڵدۆستی هاووڵاتییانی گوندی دۆستەك و دەورووبەری وایكردووە لەقلەكان سنووری گوندەكەمان بكەنە مۆڵگەیەكی هەمیشەیی".

ئەو هاووڵاتییە دەڵێت "وەرزی جووتبوونی لقلەقەكان لە كۆتایی وەرزی بەهار دەستپێدەكات، لەم وەرزەیاندا لەقلەقەكان كۆدەبنەوە و بە ئاسمانی ناوچەكەماندا دەسوڕێنەوە، دوای هێڵكە كردن و كڕكەوتن بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ هەر خێزانێك دەبێتە خاوەنی چەند بێچووێك، پاش پێگەیشتن و پەروەردەكردنی بێچووەكانیان، لەقلەقەكانی سنوورەكەمان لە كۆتایی مانگی ئابی هەموو ساڵێك كۆچ دەكەن و بۆ ماوەی شەش مانگ هەرێمی كوردستان جێدەهێڵن، بەڵام لەبەر ئەوەی كەشوهەوای گوندی دۆستەك گونجاوترین كەشوهەوایە بۆیان، لەقلەقەكانی سنوورەكەمان پێش هەموو سنوورەكانی دیكە لە گەشتەكەیان دەگەڕێنەوە بۆ دۆستەك".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group