ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە تاوتوێی خۆپیشاندانەكانی شارەكە دەكات

16/07/2019 عێراق
نەوا
ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە لە كۆبوونەوەی ئاسایی رۆژی سێ‌ شەممە، تاوتوێی داواكاری بۆ خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی شارەكەیان كرد.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە لەراگەیەندراوێكدا بڵاویانكردەوە، ئەنجومەنەكە رۆژی سێشەممە گفتوگۆی لەبارەی داواكاری هاووڵاتیانی شارەكە ئەنجامدا، كە پێشتر داواكاریان پێشكەشكردبوو، گوایە بەنیازن رۆژی هەینی داهاتوو خۆپیشاندان ئەنجامبدەن لەبەرامبەر جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی پارێزگاكە لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە.
هەربەپێی راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە، ئامانج لە تاوتوێكردنی ئەو داوایەی هاووڵاتیانی شارەكە، بەمەبەستی چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندانەكە و لایەنە یاسایی و خزمەتگوزارییەكان و ئەمنییەكانەوە بووە.
هاوكات لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە، باس لە رەشنووسی رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی عێراقی و كوەیتی كرا، كە ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە لەو سۆنگەیەوە بڕیارێكی دەركرد، بە رەتكردنەوەی هەر رێككەوتنێك لەدەرەوەی بەشداریپێكردنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای بەسڕە ئەنجام بدرێت.
ماوەی چەند ساڵێكی پارێزگای بەسڕە چەندینجار داواكاری پێشكەشی حكومەتەكانی پێشوو بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیشەوە كردووە، سەبارەت بە جیابوونەوەی بەسڕە لە حكومەتی ناوەند و دروستكردنی هەرێمێكی سەربەخۆ لەو پارێزگایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group