پەرلەمانتارێك: واشنتۆن پێگەی سوننەكانی عێراق بەهێز دەكات

20/07/2019 عێراق

نەوا
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقی ئاشكرایدەكات، سزاكانی ئەمریكا بەرامبەر كەسایەتییە عێراقییەكان، حەوت كەس دەگرنەوە نەوەك تەنها چوار كەس بن.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبی جەدید لەزاری ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقی سەر بەهاوپەیمانی فەتح بڵاویكردۆتەوە، "بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان واشنتۆن سزای حەوت كەسایەتی سیاسی دەدات، بەڵام وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا تەنها چوار كەسی راگەیاندوەو ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، "محەممەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەدوای گەڕانەوەی لە واشنتۆن لە مانگی ئازاری رابردوو ئەو زانیاریەی پێدوان".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق روونیشیكردووەتەوە: "بەپێی پێشبینیەكان ناویتر بوونیان هەیە كە رووبەڕووی سزاكانی ئەمریكا دەبنەوە، ئەوانیش ئەحمەد جبوری ناسراو بە ئەبو مازن سەرۆكی گەورەترین كوتلەی سوننەیە لەناو پەرلەمان، هەروەها نەوفل عاكوب سەركردەی كەتیبەیەكی مەسیحییەكان لەناو حەشدی شەعبی و هەروەها پارێزگاری پێشوی موسڵ و رەیان كلدانی فەرماندەی حەشدی شەبەك لەناو لیستی ناوەكاندان، كە حكومەتی واشنتۆن پێیوایە ئەمانە بەدەستی ئێران لەنێو شارو ناوچە ئازادكراوەكانی عێراق دانراون و لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی و لەبواری سەربازی لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی كراون".
لەبارەی پەیامی ئەمریكاش لەسزادانی ئەو كەسایەتییانە، ئەو ئەندامەی پەرلەمان رایگەیاندووە: "پەیامەكەی ئەمریكا بەچەند ئاڕاستەیەكە، یەكەمیان واشنتۆن چاودێری باڵادەستی ئێران لەنێو ئەو شارانە دەكات كەزۆربەی دانیشتوانەكەیان سوننین، ئەوانیش شارەكانی باكور و رۆژئاوای عێراقن، دووەم پەیامی ئەمریكا، بەهێزكردنی تیمی سوننی یان تیمی سەربازگەی سیاسی سونییە لە عێراق، ئەو تیمەی رێگری لەنزیكبوونەوەی عێراق لە ئێران دەكات كە ئەویش خۆی لە (تیمی ئوسامە نوجەیفی) دەبینێتەوە.
لەكۆتاییدا ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاندووە، "ڤیتۆی ئێرانی لەسەر كەسایەتییە عێراقییەكان زۆر بەهێزترە لەسزاكانی ئەمریكاو، كاریگەری زیاتریشی هەیە لەسەر گۆڕەپانی عێراقی".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group