تاوانێك كۆمەڵگەی روسیا دەهەژێنێت

20/08/2019 جیهان

نەوا
تاوانێكی قێزەون كۆمەڵگەی روسیا دەهەژێنێت و بكەرەكەشی مێردمنداڵێكی تەمەن 16 ساڵاە، كە خانەوادەكەی قەتڵوعام كردوە.
سەرچاوەكانی هەواڵی روسیا بڵاویانكردوەتەوە، مێردمنداڵێكی 16 ساڵان بەناوی "تەیمور كیمتالدینۆڤ" دایكی سەربڕیوە و دواتر دوو برای دووانەشی، كە تەمەنیان 4 ساڵان بوە كوشتوە، ئەوەش بە بیانوی ئەوەی دایكی پشتگوێی خستوە و تەنها گرنگی بەدوو برا دووانەكەی داوە.
بەپێی سەرچاوەكان، تەیمور دوای كوشتنی دایكی و دوو براكەی، نەنك و باپیرەشی كوشتوە، كە پێكەوە لە یەك خانودا ژیاون و بۆ تاوانەكەشی تەوری بەكارهێناوە، پاش كارەكەی كۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوە.
رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی چیرۆكەكەی گێڕاوەتەوە و ئاماژەی بەوەكردوە، هەرزەكارەكە نامەیەكی لەدوای خۆی جێهێشتوە و تێیدا نوسیویەتی "بەداخەوەم، كە نەنك و باپیرەم كوشتوە"، ئەوەشی بۆ ئەوە كردووە تا دوای كوشتنی كەسە نزیكەكانیان، خەفەت نەخۆن، هەروەها نامەیەكی دەنگی ناردووە بۆ یەكێك لە هاوڕێكانی و وتویەتی كوشتنی خێزانەكەی بەلایەوە زۆر ئاسایی بوە.
یەكێك لە هاوڕێكانی تەیمور باسی لەوەكردوە، هەرزەكارەكە هەستی بە ئیرەیی (غیرە) كردوە، چونكە دایكی كاتی زۆری لەگەڵ دوو برا جمكەكەی بەسەربردوە و وتوشیەتی دەیانكوژێت، بەڵام قسەكانی بەهەند وەرنەگیراوە، كەسوكاری تەیموریش باس لەوەدەكەن قوتابیەك بووە هەوڵی زۆری داوە و بەردەوام سەركەوتو بوە لە خول و پێشبڕكێكانی قوتابخانەكەیدا.
لەلایەكی ترەوە پۆلیسی روسی ئاماژەی بەوەداوە، تائێستا بەردەوامن لەگەڕان بەدوای دۆزینەوەی هۆكاری سەرەكی پشت ئەو روداوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group