كەركوك.. هونەرمەند میقداد محەمەد ماڵئاوایی لە ژیان كرد

20/08/2019 محمد فاتح
هونەرمەندی پسپۆر لە بواری مەقام میقداد محەمەد عومەر

نەوا
هونەرمەندی پسپۆر لە بواری مەقام میقداد محەمەد عومەر سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 19 ئابی 2019 لە ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوك ماڵئاوایی لە ژیان كرد و لە گۆڕستانی شێخ محیەدین لە كەركوك بەخاك سپێردرا.
هونەرمەند میقداد محەمەد عومەر لە ساڵی 1939 لە گەڕەكی ئیسكان لە نزیك تەكییەی تاڵەبانی لە شاری كەركوك لە دایك بوە.
هەر لە منداڵیەوە خولیای مەقامبێژی هەبوە و لەگەڵ باپیری حاجی عومەر ئەچوو بۆ تەكییەی تاڵەبانی بۆ بیستنی مەقامات، ساڵی 1958 دەچێتە ئامادەیی پیشەسازی كەركوك و ساڵی 1960 تەواوی دەكات و ساڵی 1965 لە فەرمانگەی شەمەندەفەر لەكەركوك دادەمەزرێت و لەساڵی 1974 نەفی دەكرێت بۆ شاری سەماوە و دواتر دەگوێزرێتەوە بۆ شاری بەغدا و لە ساڵی 1992 بەیەكجاری دەگەڕێتەوە بۆ اری كەركوك.


هونەرمەندی پسپۆر لە بواری مەقام میقداد محەمەد عومەر هەر لە مناڵیەوە چوەتە نێو دنیای مەقامبێژیەوە و شارەزایەكی باشی لەو بوارەدا هەبوە و پسپۆر بوە ، هاورێتی هونەرمەندە گەورەكانی كردوە و سودی لێیان وەرگتوە وەكو محەمەد قوبانچی و یوسف عومەر و عەلی مەردان و چەندین هونەرمەندی گەورەی تر لە بەغدا و یەكێك بووە لە دەستەی دامەزرێنەری سەنتەری عەلی مەردان بۆ مەقامبێژی و ماڵی مەقامی عێراقی لە شاری كەركوك و لە تەكییەی تاڵەبانی لە كەركوك چەندین خولی مەقامبێژی بۆ گەنجان كردوەتەوە و چەندین كەسی پێگەیاندوە و بونەتە هونەرمەند. 
هونەرمەند چالاك سدیق بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەكان و بەرپرسی سەندیكای هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان بەشی كەركوك بە رادیۆی نەوای راگەیاند : "لەساڵانی شەستەكان هونەرمەندی پسپۆر لە بواری مەقام میقداد محەمەد عومەر بەهۆی ئەوەی بۆتە كارمەند لە فەرمانگەی شەمەندەفەر لە بەغدا نیشتەجێبوە و لەوێ‌ لەگەڵا پسپۆرانی مەقامی عێراقی ئاشنایەتی پەیدا كردوە و لە هونەری مەقامە عێراقیەكان چڕتربۆتەوە و شارەزایەكی باشی پەیداكردوە ".


چالاك سدیق وتیشی " هونەرمەند میقداد محەمەد لەساڵانی نەوەدەكاندا هاتۆتەوە بۆ شاری كەركوك و ماڵی مەقامی دامەزراندوە و ژمارەیەكی زۆر لە گۆرانیبێژەكانی كەركوكی لەو ماڵەدا پێگەیاندوە ، دواتر لە دوای روخانی رژێمی پێشوو ناوەندی عەلی مەردانی دامەزراند بۆ مەقام ، هەروەها بەسەركەوتویی لە زۆربەی چالاكیە هونەریەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا بەشداری كردوە ، هەروەها رونیكردەوە كە پسپۆر بووە لە مەقامبێژی و ئەوان لەو بوارەدا پشتیان بەو بەستوە ، ئاماژەی بەوەشكرد كە لە تەكییەی تاڵەبانی كەركوكەوە فێری مەقامبێژی بوە و حاجی عومەری باپیریشی لە مەقامبێژە ناسراوەكانی كەركوك بوە".
هونەرمەندی پسپۆر لە بواری مەقام میقداد محەمەد عومەر لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتبوی : "ناوەندی عەلی مەردان كە خودی خۆی دایمەزراندوە یەكەم تیپی هونەری بووە لە مێژوی كورد بەشداری لە ئۆپرای قاهیرە بكات بە مەقام و بەستە".
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group