كاكەییەكانی داقوق داوا دەكەن یۆنامی چاودێری دۆخی ئەمنی ناوچەكانیان بكات

پێش 4 هەفتە عێراق

نەوا
شاندێكی كاكەییەكانی قەزای داقوق، لە یاداشتێكدا بۆ نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق (یونامی)داوای رەوانەكردنی هێزی زیاتری سەربازی و پاراستنی ئەمنیەتی سنورەكە دەكەن تا لە زێدی خۆیاندا بمێننەوە.
شاندێكی دانیشتوانی كاكەیی گوندەكانی تۆپزاوە، زەنقەر و عەلی سەرای قەزای داقوق لە پارێزگای كەركوك، رۆژی چوارشەممە 21ی ئاب، لەگەڵ نوێنەری یونامی كۆبونەوە.
رەجب عاسی، چالاكوانی كاكەیی و بەشداربوی كۆبونەوەكە بە سایتی كەركوك ناوی راگەیاندووە، "باسمان لەرەوشی كاكەییەكان كرد و راپۆرتێكمان رادەستی یونامی كرد، تا ئەوان چاودێری بارودۆخی ئەمنی و ئابوری  كاكەییەكانی داقوق بكەن".
بەوتەی رەجەب عاسی داواكارییەكی تری كاكییەكان بۆ یونامی، دروستكردنی فشار بووە لەسەر حكومەتی عیراقی تا هێزی زیاتر رەوانەی سنوری داقوق بكات، "ئەوانیش بەڵێنیاندا داواكارییەكان بگەیەننە شوێنی مەبەست و هەوڵی جددی بۆ جێبەجێكردنی بدەن".
بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی، نزیكەی 50 خێزان لەهەفتەكانی رابردودا ماڵەكانیان لە گوندەكانی باشوری قەزای داقوق چۆڵكردووە كە زۆرینەیان لە پێكهاتەی كاكەیین، ئەوەش دوای زنجیرەیەك هێرشی چەكداریی، تەقینەوەی بۆمب و بۆردومانكردنی چڕی چەند گوندێكی ناوچەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group