یەكێتی ئەورووپا: هێرشی سەر دامەزراوە نەوتیەكانی سعودیە هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی ناوچەكە

15/09/2019 جیهان

نەوا
یەكێتی ئەورووپا هۆشداریدا لەوەی كە هێرشكردنە سەر دوو كارگەی نەوتی سەربە كۆمپانیای نەوتی سعوودیە (ئارامكۆ) هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەكە دەكات و داوای لە لایەنەكان كرد نەرمی بنوێنن. 
نووسینگەی فێرێدیكا مۆگەرینی نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەوروپا بۆ كاروباری دەرەوە و سیاسەتی دەرەكی رایگەیاند، هێرشەكەی رۆژی شەممە بۆ سەر دوو كارگەی نەوتی سەربە كۆمپانیای نەوتی سعوودیە (ئارامكۆ) لە رێگای فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەكە دەكات. 
لەراگەیەندراوەكەدا تیشكخراوەتە سەر ئەوەی لەكاتێكدا گرژییەكانی ناوچەكە لە تەشەنەسەندندان، ئەنجامدانی هێرشی لەو چەشنە زیان بە هەوڵەكان دەگەیەنێت بۆ دانوستان و گفتوگۆ لە پێناو هێوركردنەوەی گرژییەكان. 
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا بە پێویست زانراوە ئەنجامدەرانی هێرشەكە دەستنیشان بكرێن و جەختیش لەسەر داواكاری یەكێتیی ئەورووپا كراوەتەوە تاكو لایەنەكان نەرمی بنوێنن. 
رۆژی شەممە لە رێگای فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرش كرایە سەر ئەو دوو كارگەیەی ئارامكۆ. هێرشەكە زیانی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێنا و پەنجەی تۆمەتیش بۆ هیچ لایەنێك درێژ نەكرا، بەڵام حووسییەكان لە راگەیەندراوێكدا ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان بەوە دا كە ئەوان هێرشەكەیان ئەنجامداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group