فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق پێكدەهێنرێتەوە

15/09/2019 عێراق

نەوا
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بڕیاریدا بە سەرلەنوێ پێكهێنانەوە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان، بەپێی بڕیارەكە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمیش تیایدا بەشدار دەبێت.
لە نوسراوێكدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاندووە، بڕیاریداوە بە سەر لەنوێ پێكهێنانەوەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بە سەرۆكایەتی خۆی.
راشیگەیاندووە، عەبدولئەمیری یارەڵڵا وەك جێگری سەرۆكی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دەستنیشان كراوە.
بەپێی بڕیارەكە، نوێنەرانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری، دەزگای دژەتیرۆر، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی، فەرماندەیی هێزەكانی وشكانی، فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی، فەرماندەیی هێزی ئاسمانی، دەستەی حەشدی شەعبی و وەزارەتی پێشمەرگە بەشدار دەبن لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكاندا.
سەبارەت بەو بڕیارە جەبار یاوەر ئەمنیداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە نەوای راگەیاند، تا ئێستا بە فەرمی هیچیان بەدەست نەگەیشتووە و هەركات بەفەرمی ئاگادار بكرێنەوە لەبارەیەوە لێدوان دەدەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group