نەتەوە یەكگرتووەكان: نزیكەی شەش ملیۆن منداڵی ئاوارە لە خوێندن بێبەشن

2 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
بەپێی راگەیەنراوێكی كۆمیسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ، لە سەرتاسەری جیهاندا 13 ملیۆن و 100 هەزار منداڵی ئاوارە و پەنابەر هەن، لەو ژمارەیەش 44%ـیان كە دەكاتە پێنج ملیۆن و 800 هەزار منداڵ، لە تەمەنی خوێندندان، بەڵام لە چوونە قوتابخانە و پرۆسەی پەروەردە بێبەش كراون.
ئاماژە بەوەشدراوە، نابێت ئاوارەیی رێگە لە خوێندنی منداڵان بگرێت، چونكە بەو شێوەیە دەرگای هەلەكان لە بەردەمیاندا دادەخرێت. هەروەها داوا دەكات هەموو منداڵێك مافی دەستڕاگەیشتنی بە خوێندن پێ بدرێت، بێ گوێدانە بارودۆخ و شوێنی نیشتەجێبوونی.
لەلایەكی دیكەوە، كۆمیسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەران نیگەرانیی قووڵی خۆی لە كەمبوونەوەی هاوكارییە داراییەكان دەربڕی و ئاشكرای كرد، بودجەی تەرخانكراو لە ساڵی 2024 بۆ 2025 بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بە جۆرێك ئەو بودجەیە لە پێنج ملیار و 200 ملیۆن دۆلارەوە بۆ سێ ملیار و 900 ملیۆن دۆلار كەم بووەتەوە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنیی راستەوخۆ لەسەر پرۆگرامەكانی پەروەردە و پاراستنی ئاوارەكان دروست دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group