لەسەر یارییەكی وەرزشی داوای یاسایی لەسەر عادل عەبدولمەهدی تۆماركرا

17/09/2019 وەرزش

نەوا
سەرۆكی یەكێتی عیراقی بۆ یاری "موای تای" بەهۆی خەرجنەكردنی بودجەی یەكێتیەكەوە داوای یاسایی لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق و رەعد حەمودی سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی تۆماركرد.
بەپێی بەڵگەنامەیەك مستەفا جەبار عەلك سەرۆكی یەكێتی عیراقی بۆ یاری "موای تای" رۆژی 16-9-2019 داوای یاسایی لەسەر هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدی و رەعد حەمودی تۆماركردوە.
لەداواكاریەكەدا هاتوە، یەكێتی عیراقی بۆ یاری "موای تای" بودجەی ساڵانەی خۆی هەیە، كە لەسەر بودجەی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانیی عیراقە و لە یاسای بودجەی 2019ی عیراقدا بڕیاری لێدراوە، بەڵام پارەكە بڕدراوە و بۆ یەكێتییەكە و یاریزانان و راهێنەران و چالاكییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان خەرج ناكرێت.
بەپێی وتەی بەرپرسانی یەكێتییەكە، بڕینی بودجەكە زیانی بە یەكێتییەكە و كارمەندەكانی گەیاندوە و بوەتەهۆی پەكخستنی بەشداریكردن لە چالاكییە ناوخۆیی و دەرەكیەكان و بەهۆی ئەوەشەوە عیراق نوێنەرایەتی لە بۆنە نێودەوڵەتیەكاندا نییە.
پێشتر حكومەتی عیراق بڕیاری ژمارە 140ی دەركرد، كە تێیدا هاتوە "دابینكردنی بودجەی لیژنەی ئۆڵۆمپی و یەكێتیە وەرزیەكان لەلایەن ئەو لیژنە پێنج كەسییەوە دەبێت، كە حكومەت پێكیهێناوە و بەگوێرەی ئەوەش وەك پێشتر دیاریكراوە بودجەی تایبەت بە یەكێتییەكان نەماوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group