سەرۆكی كۆنگرەی هەنگەوانان: 67%ی هەنگەوانانی عیراق توانای بەرهەمهێنانیان نییە

07/10/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا
بەمەبەستی خستنەڕوی دوایین هەنگاوەكانی بەرهەمهێنانی هەنگەوانی و هەنگوین لە كوردستان و عیراق و وڵاتانی عەرەبی و پێشكەشكردنی توێژینەوەی زانستی لەو بوارەدا، ئەمڕۆ دوانزەیەمین كۆنگرەی هەنگەوانی لە كوردستان دەستی بەكارەكانی كرد.
ئەمڕۆ 7-10-2019 لە شاری هەولێر كۆنگرەكە دەستی بەكارەكانی كرد و لەلای خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم وتی "ئەم كۆنگرەیە ئاماژەی پێكەوەژیان و كرانەوەی كوردستانە وەك ماڵی هەموان. بۆیە ئومێددەخوازین ببێتەهۆی گەشەپێدانی ئەم بەرهەمە و خزمەتكردن بەو توێژەی لەم بوارەدا كاردەكەن".

باسی لەوەشكرد، بەهۆی سیاسەتی پاكتاوی رەگەزی و شەڕو ململانێی نێوان وڵاتان و ئەو شاڵاوانەی كوردستانی گرتەوە پرۆسەی كشتوكاڵ پاشەكشەی كرد، ئەگەرنا كورد وەك نەتەوە و لە جوگرافیاشدا كوردستان یەكەم پێگەی كشتوكاڵی هەبوە لەمێژوی مرۆڤایەتیدا، بەڵگەش بۆئەوە گوندی چەرمۆیە، كە 10 هەزار ساڵ بەر لەئێستا كشتوكاڵی تێداكراوە.
وەزیری كشتوكاڵ وتی "ئێستا هەوڵی دوبارە گەشەپێدانەوەی كشتوكاڵ لەئارادایە و زەمینە لەبارە. بونی زەوی و دەستی كارو ئیرادەی كابینەی نۆیەمیش گرنگی زیاتر بەو پرۆسەیە دەدات، ئێمە لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەشێكی زۆری ئەو پلانەی بۆ ماوەی چوار ساڵ دامانناوە جێبەجێی دەكەین و مەبەستیشمان گەشەپێدانەوەی كەرتی كشتوكاڵە".
لەبارەی پرۆسەی هەنگەوانیشەوە وتی "هەنگەوانی هەم كاریگەری دارایی هەیە، هەم خزمەتی ژینگەییمان دەكات، ئەوەش لە كوردستان گرنگی خۆی هەیە، چونكە ژینگەی دەوڵەمەند هەیە و شوێنی جوگرافی گونجاومان هەیە بۆ ئەو مەبەستەو كەسانی شارەزاشمان زۆرە".


لەوتاری كردنەوەی دوانزەیەمین كۆنگرەی هەنگەوانانی عەرەبی، عەبدولڕەحیم عومەر بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەولێر و سەرۆكی كۆنگرەكە وتی "لەم كۆنگرەو پیشانگایەدا، یەكێتی هەنگەوانانی عەرەبی و ئەوروپی و عیراقی و كوردستانی بەشدارن و جگە لەوانەش ژمارەیەكی بەرچاوی پسپۆڕان و توێژەران ئامادەن، بەهۆی ئەو كاریگەرییە ئەرێنییە بێسنورانەی هەنگ و بەرهەمی هەنگەوانی هەیەتی رۆژانە توێژینەوەی زانستی بەرفراوان لەو چوارچێوەیەدا دەردەچن و بڵاودەبنەوە".

وتیشی "ئەوەی پەیوەندی بە عیراقەوە هەیە لەسەرانسەری ئەم وڵاتەدا بەهەرێمی كوردستانیشەوە زیاتر لە یەك ملیۆن هەنگەوان هەیە، بەڵام لەو نێوانەدا 67%یان توانای بەرهەمهێنانیان نییە، چونكە ژینگەی عیراق توشی دەیان كارەسات بوەتەوەو شوێنی ئارامیان كەمە، وێڕای ئەوەی گۆڕانكاری كەشوهەواش كاریگەری هەیە، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا وەزارەتی كشتوكاڵ زۆرترین هەوڵدەدات بۆئەوەی هاوكاری هەنگەوانان بكات و ئەو بەرهەمەی لە هەنگەوە دەستدەكەوێت بەردەوام روو لە زیادبون بكات و ببێتەهۆی گەشەپێدانی ئابوریش هەم بۆ جوتیاران هەم بۆ هەرێمی كوردستان".


هاوشان لەگەل كۆنگرەكەدا، پیشانگای بەرهەمە هەنگییەكانیش كرایەوە، كە لە ماوەی ئەم رۆژانەی كۆنگرەكەدا بۆ ماوەی سی رۆژ بەردەوام دەبێت و زیاتر لە 200 هەنگەوان و بەرهەمهێنەری هەنگ تیایدا بەشدارن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group