بەرهەم ساڵح و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبوونەوە

7 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا
سەرۆككۆماری عیراق، جەخت لە گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان لە دژی ئەو كەسانە دەكاتەوە كە دەستدرێژییان كردووەتە سەر خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكان.
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق رۆژی چوار شەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ، لەوبارەیەشەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆككۆمار لەڕێگەی بەیاننامەیەكەوە ڕایگەیاند، بەرهەم ساڵح جەختیكردەوە لە پێویستی كردنەوەی لێكۆڵینەوەی یاسایی و دادپەروەر سەبارەت بە تاوانی دەستڕێژكردنە سەر خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان بە گولـلە لە كاتی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە.
هاوكات  ئاماژەی بەسزادانی ئەوانەی بەرپرسیارن لە ڕشتنی خوێنی ھاووڵاتیانی عێراق داواوە و وەك ڕاگەیەنراوەكەش دەڵێت"ھەر لە دیدارەكەدا باس لە گرنگی ڕۆڵی دادگای عێراق كرا، بەتایبەتی دادگای پرسی ئەستۆ پاكی و پێویستی كاراكردنی ڕۆڵی دادوەری گشتی بۆ یەكلایی كردنەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی و سزادانی سەرپێچیكاران بۆ سەر مۆڵكی گشتی".
ڕاگەیەنراوەكە دەشڵێت" بەرھەم ساڵح ڕۆڵی كارای دادگا و پاراستنی سەربەخۆیی تەواوی خۆی و بەرجەستەكردنی بنەماكانی دادپەروەری بەرزنرخاند و ئاماژەی بە گرنگی ھاریكاری و ھەماھەنگی نێوان سێ سەرۆكایەتییەكەی وڵات كرد بۆ تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكانی تایبەت بە جێ بەجێكردنی داواكارییە ڕەواكانی خۆپیشاندەران و پاراستنی ئاسایش و پارێزگاری لە دەستوور".
لەكۆتای ڕاگەیەنراوەكەی نوسینگەی سەرۆككۆماردا هاتووە"ھەر لەو دیدارەی نێوان سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری باس لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی سەپاندنی دەستەڵاتی یاسا و پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان و موڵكی گشتی كرا".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group