نوێنەرێكی ئیسرائیل بەشداری لە كۆنفرانسی بەحرەین دەكات

20/10/2019 جیهان

نەوا
بڕیارە لە بەحرەین كۆنفرانسێك بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایشی دەریایی و ئاسمانی كەنداو بەڕێوەبچێت و نوێنەرێكی ئیسرائیلش بەشداری لە كۆنفرانسەكە دەكات.
رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەشداری نوێنەرەكەیان لە كۆنفرانسی بەحرەینی رەتنەكردۆتەوە و رایگەیاندووە، كۆنفرانسەكە لە چوارچێوەی ئەو كۆنفرانسەدایە، كە لە شوباتی ئەمساڵ لە پۆڵۆنیا بەڕێوەچوو.
مانگی تەموزی ئەمساڵ و لەكاتی ئاڵۆزبوونی دۆخی كەنداو، بە دەستپێشخەری بەریتانیا كۆبوونەوەیەك لە بەحرەین بەڕێوەچوو، تیایدا داواكرا هاوپەیمانیەك بۆ پاراستنی دەریاوانی لە كەنداو پێكبهێنرێت.
بڕیارە لە كۆنفرانسەكەی ئەمجارەی بەحرەین كە رۆژانی 21 و 22 ی تشرینی یەكەم بەڕێوەدەچێت، چەند وڵاتێكی ئەوروپی و ئەمریكا و زۆرینەی وڵاتانی كەنداو بەشداری بكەن.
هاوكات برایان هۆك نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران باسی لەوەكردووە، كۆنفرانسەكەی بەحرەین درێژەپێدەری كۆنفرانسی وارشۆیە كە تایبەت بوو بە ئاشتی و سەقامگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمریكا و ئیسرائیل و بەشێك لە وڵاتانی كەنداو ئێران بە هۆكاری ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن و باس لەوەدەكەن كە پێویستە سنورێك بۆ دەستوەردانەكانی ئەو وڵاتە لە ناوچەكە دابنرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group