سیستانی: خۆپیشاندان بەردەوام دەبێت تا داواكارییەكان جێبەجێدەكرێت

11/11/2019 عێراق

نەوا
نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، سەردانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی كرد و دوپاتیكردەوە، نابێت عیراق ببێتە مەیدانی یەكلاكردنەوەی ململانێكان، سیستانیش دژی ئەوەیە خۆپیشاندانەكان كۆتاییان بێت تا ئەوكاتەی داواكارییەكانی هاووڵاتیان جێبەجێدەكرێت.
ئەمڕۆ جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق، دوای ئەوەی لە نەجەف سەردانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی كرد، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی سەردانەكەی ئاشكراكرد و رایگەیاند، سیستانی باسی لە گرنگیی بەكارنەهێنانی توندوتیژی و لێپرسینەوە كردوە لەوانەی بونەتەهۆی دروستبوونی توندوتیژییەكان، هەروەها داوای راگرتنی دەستگیركردن و رفاندنی خۆپیشاندەران و چالاكوانانی كردوە.
پلاسخارت وتیشی "مەرجەعی باڵای شیعەكان ئەنجامدانی چاكسازیی راستەقینەی لەماوەیەكی گونجاودا بە گرنگ زانیوە". دوپاتیشیكردەوە، مەرجەعییەت دوودڵە لە جدیەتی هێزە سیاسییەكان لە ئەنجامدانی چاكسازی، بۆیە پێی باشە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەردەوامبێت تا ئەوكاتەی داواكارییەكانیان بۆ چاكسازی جێبەجێدەكرێت.
بەوتەی نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق، سیستانی وتوشێتی "ئەگەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق نەیانتوانی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێبكەن، پێویستە رێگەیەكی دیكە بگیرێتەبەر".
پلاسخارت قسەشی لەبارەی هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتوەكان كرد و ئاشكرایكرد، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكەیان لە چەند هەفتەی رابردودا چاودێریی دۆخەكەی كردوە، توڕەییەكی زۆر لە شەقامی عیراقیدا هەیە بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری، بەڵام خەڵك هیوایان بە جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان هەیە، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی عیراق داواكاریی خۆپیشاندەران جێبەجێبكەن.
نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان سەروەریی عیراقیشی دوپاتكردەوە و وتی "نابێت عیراق ببێتە مەیدانی ململانێی نێوان وڵاتان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group