بەرپرسێكی ئێران خۆپیشاندانی وڵاتەكەی بە جەنگی جیهانی ناودەبات

22/11/2019 جیهان

نەوا
بەرپرسێكی باڵای سەربازی ئێران خۆپیشاندانەكانی وڵاتەكەی بە جەنگێكی جیهانی ناودەبات و دەڵێت، تەنها بە موعجیزە لەو جەنگە دەرچوون.
سالار ئابنوش فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەسیج كە هێزێكی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، جەنگێكی جیهانی لە دژی سیستەم و شۆڕشی ئیسلامی رێكخرابوو، بەڵام بەر لەوەی بگاتە ئەنجام لەباربرا.
وتیشی، بەبەشداری ئیسرائیل، ئەمریكا و سعودیە ئامادەكاری تەواو بۆ خۆپیشاندانەكان كرابوو بۆیە كتوپڕ سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە.
باسی لەوەشكرد، تەنها بە موعجیزە و بە ویستی خودا لەو پیلانە رزگاریان بووە.
قسەكانی ئەو فەرماندە سەربازیەی ئێران لەكاتێكدایە پێشتر حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو، ئەو كەسانەی لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین خۆپیشاندانیان كردووە، ژمارەیەكی كەمبوون.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمیەكان بەهۆی خۆپیشاندانەكانی رۆژانی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانەوە لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە نێوان 100 بۆ 200 خۆپیشاندەر كوژراون كە زۆرینەیان لە دوو پێكهاتەی كورد و عەرەبی ئەو وڵاتەبوون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group