بۆچی خۆپیشاندەرانی عیراق ئێران دەكەنە ئامانج؟

4 رۆژ پێش ئێستا

نەوا
نزیكەی دوو مانگە خۆپیشاندان دژی بێكاریی، گەندەڵیی و نەبوونی خزمەتگوزاریی گشتیی، درێژەی هەیە، بەڵام ئامانجێكی دیكەی خۆپیشاندەران، دەربڕینی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە ئێران، كە نیگەران و بێزارن لە سیاسەتی مەزهەبگەرایی و فراوانخوازیی ئەو وڵاتە لە رێگەی هەژموونی سەربازیی و سیاسییەوە.
زۆرینەی خۆپیشاندەرە عیراقییەكان تاران تۆمەتباردەكەن بە دەستوەردان لە بڕیارە سیاسییەكانی عیراق.
خۆپیشاندەران لە شارەكانی ناوەراست و باشوری عیراق كە زۆربەی دانیشتوانەكەی شیعە مەزهەبن، ئاڵای ئێران، وێنەی عەلی خامنەئی رێبەری باڵای ئێران و قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران-یان سوتان، چەند جارێكیش نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكانی ئێرانیان سوتاندووە، كە دواترینیان لە نەجەف بوو، ئەمە لەكاتێكدا كە نەجەف بە سیمبولی مەرجەعەكانی شیعەی عیراق دادەنرێت، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق لە ناوەراستی شارەكە دادەنیشێت و ماڵەكەی چەند سەد مەترێك لە گڵكۆی ئیمام عەلی-یەوە دوورە.
بۆیە بە ئاماجگرتنی ئێران لە خۆپیشاندانەكاندا لە نەجەف كە وەك ناوەندێكی گرنگی شیعەكان ئەژماردەكرێت، وەك كاردانەوەیەكی روونی جەماوەری شیعە دژی ئێران، لێكدەدرێتەوە.
پێشتریش و هەر لە میانی خۆپیشاندانەكانی عیراقدا، دووجار لە شاری كەربەلا، كە شارێكی پیرۆزە لەلایەن شیعەكان، كونسوڵخانەی ئێران سووتێنرابوو، ئەمە جگە لە ئیدانەكردنی ئێران بەشێوازی جۆراوجۆر لە شارە شیعەنشینەكانی وەكو بەسڕە، زیقار، میسان، موسەننا، قادسییە و بابل.
پێدەچێت ئەو رووداوانە دەسەڵاتی ئێران روبەڕووی قەیرانێكی جدیی بكاتەوە لە عیراق، لەگەڵ ئەوەی هەژموونێكی فراوانی هەیە.
لە دواترین هەڵوێستیشدا دژی پێگە شیعی و مەزهەبییەكان، خۆپیشاندەران لە نەجەف بەشێك لە گڵكۆی محمەد باقر حەكیم-یان سوتاند، كە باپیری عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمەی شیعییە، گڵكۆكەش دەكەوێتە نزیك گۆڕی ئیمامی عەلی.
لە خۆپیشاندانەكانی عیراق بە زۆری دروشمی "ئێران بۆ دەرەوە" دەگوترێتەوە. 
خۆپیشاندەرێك كە باوكی لە ناكۆكییە مەزهەبییەكاندا بۆتە قوربانی، دەڵێت "دیارە ئێران مەزهەبگەرایی لە رێگای سەركردەی پارتە شیعییەكانەوە بڵاودەكاتەوە. بەڵام ئیدی ئێران لە عیراق لە رەوشێكی سەختدایە. خۆپیشاندانەكان بۆ راماڵینی گەندەڵكاران و كۆتاییهێنان بە مەزهەبگەرایی. ئێران دەستی بەسەر عیراقدا گرتووە. تەواوی ئەركە باڵاكان و دابەشكاریی پۆستەكان بە رەزامەندی ئێرانە. كاتی كۆتاییهێنان بەمە هاتووە".
زانیاریی ئەوە هەیە، كە لە رۆژانی یەكەمی خۆپیشاندانەكاندا قاسم سولەیمانی چووەتە بەغدا و لەوێ لەگەڵ سەركردەی پارتە شیعەكان و حەشدی شەعبی كۆبۆتەوە و پێی راگەیاندوون پێویستە عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.
شرۆڤەكاری سیاسیی عیراقی "ئەگەر سەیری خۆپیشاندانەكانی بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیی شیعە بكەین و سووتاندنی كۆنسوڵخانەی ئێران بە هەند وەربگرین، دەبینن كە لەوانەیە لە نێوان خۆپیشاندەرە شیعەكان و پارتە سیاسییەكانی شیعەدا شەڕی شیعە-شیعە رووبدات، خۆپیشاندەران پێیان وایە ئێران زیاتر چینی سیاسییە شیعەكان لە عیراق دەپارێزێت، ئەگەر پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پارتە شیعییەكان رووبدات، ئەوە دەبێتە هەڕەشەی گەورە بۆ سەر پێگە و دەسەڵاتی ئێران".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group