دەوڵەتی یاسا: رێنادەین رێككەوتنی بەغدا-هەرێم جێبەجێ بكرێت

04/12/2019 عێراق

نەوا
مەنسوڕ بعێجی ئەندامی فراكسیۆنی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عیراق جەختدەكاتەوە، كە رێنادەن هیچ رێككەوتنێكی ئێستای حكومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و لایەنەكانی دیكەش تێپەڕێت، چونكە حكومەتی كاربەڕێكەرە.
بعێجی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردوە، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە حكومەتی هەرێمی كوردستانى زۆر خۆشدەویست و لە ماوەی دەسەڵاتیدا بودجەی هەرێمی داوە و پارەی پێبەخشیون، لە بەرانبەریشدا هەرێم یەك بەرمیل نەوتی رادەستی حكومەتی ناوەند نەكردوە، بۆیە ئەو بابەتە بە هەموو شێوەیەك رەتدەكەنەوە و هەرگیز رێی پێنادەن.
دەشڵێت "مانەوەی حكومەتی ئێستا بۆ راییكردنی كاروبارەكانی وڵاتە تا ئەوكاتەی سەرۆك وەزیرانی نوێ رادەسپێردرێت، كە دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت رێككەوتن بكات جا لەگەڵ حكومەتی هەرێم بێت یاخود لایەنی دیكە، بۆیە هیچ رێككەوتنێكی ئێستا لەناو پەرلەماندا رێی پێنادەین تێپەڕێت".
مەنسوڕ بعێجی ئاماژەی بەوەشكردوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات رێككەوتنی نەوتی لەگەڵ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی لە دوا رۆژەكانی تەمەنی كابینەكەدا تێپەڕێنێت تا شایستە داراییەكانی بودجەی ساڵی داهاتو وەربگرێت، بەڵام هەرگیز رێ بەو كارە نادەن لە پەرلەماندا.
پەرلەمانتارەكەی سەربە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی ئەوەش وەبیردەهێنێتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نیازی راستگۆیانەی هەیە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی ئەوا پێویست بوو چاوەڕێی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی بكردایە بۆئەوەی لەسەر هەموو بابەتە نەوتی و داراییەكان رێككەوتنی لەگەڵدا بكات تا مافی هەموو پارێزگاكان زامن بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group