په‌رله‌مانتارێكی كورد: شیعه‌كان له‌ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان په‌شیمان بونه‌ته‌وه‌ و په‌نایان بۆ هێناوین

09/01/2020 عێراق

نه‌وا
په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، شیعه‌كان له‌ بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان په‌شیمانبونه‌ته‌وه‌.
سه‌لیم شوشكه‌یى سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌ به‌رنامه‌ى "ئاراسته‌"ى رادیۆ نه‌وادا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ شیعه‌كان له‌ بڕیارى ده‌ركردنى هێزه‌ بیانییه‌كان په‌شیمانبونه‌ته‌وه‌ و به‌شێكیان داوایان له‌ كورد كردوه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ بكه‌ن.
وتیشی "به‌شێكیان په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردوین و ده‌ڵێن بڕیاره‌كه‌مان ره‌هه‌ندى ئابورى ده‌بێت و داواده‌كه‌ین كورد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌كانى په‌رله‌مانى عیراق، بۆیه‌ ئێستا به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانى كورد گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ى ئه‌وان دروستیانكردوه‌".
له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌موو نوێنه‌رانى كورد و به‌شدارییان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ى رۆژى شه‌ممه‌ی داهاتوی په‌رله‌مانیش، سه‌لیم شوشكه‌یى په‌رله‌مانتاری كورد وتى "تائێستا بڕیارمان نه‌داوه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ و به‌ روونى به‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مانمان وتوه‌ ناكرێت به‌رنامه‌ى كار دیارى نه‌بێت، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ و بونى كورد له‌ په‌رله‌مانى عیراقدا باشتره‌ له‌ نه‌بونمان".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ئه‌ركان ئه‌حمه‌د جاف مامۆستاى زانكۆ و شاره‌زا له‌كاروبارى ئێران، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا به‌كارهێنانى ئه‌و جۆره‌ موشه‌كانه‌ی ئێران ته‌قاندنی بۆ هێرشى سه‌ر بنكه‌كانى ئه‌مریكا "په‌یام بون، چونكه‌ ئێران موشه‌كى باشترى هه‌یه‌، كه‌ هه‌م تواناى وێرانكردن و ورده‌كارى پێكانیشى زیاتره‌، به‌ڵام ویستى به‌ ئه‌مریكا بڵێت شه‌ڕمان ناوێت".
وتیشى "ئه‌وه‌ى ئێران كردى نمایشى سه‌ربازى بوو، هه‌م رێككه‌وتن بوو له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له‌به‌رئه‌وه‌ى زیانى نه‌بوو، هه‌م رازیكردنى ناوخۆى ئێران بوو، كه‌ بڵێت وه‌ڵامى كوشتنى قاسم سوله‌یمانیمان دایه‌وه‌".
ئه‌و شاره‌زایه‌ى كاروبارى ئێران هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستانیشى به‌ باش وه‌سفكرد و وتى "هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ په‌لكێشكردنى هه‌رێم بۆ ناو ململانێكه‌ وه‌ك ئه‌و دوو په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ى مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كرد و ئه‌و په‌یامه‌ش، كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ تارانى نارد".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group