داتاكانی پێشێلكردنی بیروڕای ئازاد لە عیراق و كوردستاندا جێی خۆشحاڵی نین

12/01/2020

نەوا-محەمەد فاتیح
مرۆڤ بە ئازادی لەدایكبوە و عاشقی ئازادیە و خۆشی دەوێت، بەڵام هەر لەسەرەتای دروستبونیەوە كۆتوبەندیان بەسەردا سەپاندوە، هەندێكجار بەناوی ئایین و تایەفەگەرێتی و نەتەوایەتییەوە، هەندێكجاریش لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتدارەكانەوە.

ئازادی یەكێكە لە مافەكانی مرۆڤ، كە بەردەوام هەوڵی بۆ دەدات وەكو ئازادی بیركردنەوە و بیروڕاو و بڕیاردانی شەخسی و هەڵسوكەوت بەبێ‌ ئەوەی زیان بە دەوروبەری بگەیەنێت، مرۆڤیش بەبێ‌ ئازادی دەستبەستراوە دەبێت و لە هزر و توانا بێبەش دەبێت.
فەیلەسوفی ئیسلام ئیمام عەلی كوڕی ئەبی تاڵیب دەفەرموێت "مەبە بە كۆیلەی كەس لەكاتێكدا خوا بە ئازادی دروستی كردویت".

هەروەها ئیمانۆیل كانت فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت "كەس ناتوانێت پەیوەستم كات بەو شێوازەی خۆی دەیەوێت تاكو دڵخۆشم بكات، هەر كام لە ئێمە دەتوانێت خۆی بۆ دڵخۆشی خۆی بگەڕێت بەو شێوازەی خۆی مەبەستێتی و ئەو رێگایە هەڵبژێرێت كە بەڕاستی دەزانێت، بەمەرجێك ئازادی و مافی ئەوانەی دیكەشی لەبیرنەچێت، كە ئەوانیش هەمان ئازادی و مافیان هەیە" .

ئەبراهام لینكۆڵنی سەرۆكی شانزەیەمینی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش دەڵێت "ئەوەی رێگری لە ئازادی كەسانی تر بكات خۆیشی شایانی نییە". بەڵام سەرەڕای هەموو شتێك لە دروستبونی مرۆڤەوە تاكو ئێستاش سەپاندنی كۆتوبەند و پێشێلكردنی رای ئازاد بەردەوامە.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایگەیاند "لەساڵی 2019دا بەشێوەیەكی گشتی 231 پێشێلكاری بەرانبەر بە 209 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا كراوە".

دیار حاجی محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ نەوای رونكردەوە "زۆربەی پێشێلكاریەكانی 2019 بریتین لە رێگری لە روماڵكردن و جیاكاری لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندندا، هەروەها تۆماركردنی هەڕەشەو لێدان و ترساندن بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، دەستبەسەركردنی رۆژنامەنوسان بەبێ‌ بڕیاری دادگا، دادگاییكردنی رۆژنامەنوسان بەدەر لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007، داخستنی كەناڵ و راگرتنی پەخشی كەناڵمان هەبوە، بەشێوەیەكی گشتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی یان ژینگەی كاری رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی باش نییە".
وتیشی "راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، عیراق (كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عیراق) بە ژینگەیەكی مەترسیداریان بۆ كاری رۆژنامەنوسی وەسف كردوە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستاندا لە ئاستێكی باشدا نییە و وەكو پێویست نییە".
سەبارەت بە ئازادی رادەربڕینیش دیار حاجی محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتی "چەندین كەس بەهۆی پۆستێكەوە یان رەخنەگرتنێكەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا روبەڕوی هەڕەشە بونەتەوە یاخود روبەڕوی دادگاییكردن بونەتەوە، بەدەر لەیاسای رۆژنامەوانی دادگاییكراون و لەمساڵدا ئەم حاڵەتەمان هەبوە، كە رۆژنامەنوس بەدەر لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007، بە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی دادگاییكراوە و بە سێ‌ مانگ زیندانیكردن حوكمدراوە، بۆیە دەتوانم بڵێم رەوشی ئازادی رادەربڕینیش بەهەمان شێوە لە ئاستێكی باشدا نییە".
لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەنوس ئاسۆس هەردی پاش ماوەیەكی زۆر لە بێدەنگی و لێدوان نەدان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، بۆ رادیۆ نەوا وتی "ساڵی 2019 ساڵێكی باش نەبوو بۆ رۆژنامەنوسان و پێشێلكارییەكی زۆر كرا بەرانبەر بە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری لە كوردستاندا".

 

هەروەها وتی "لە هەمووی سەیرتر ئەوەبوو ساڵی 2019 ساڵی پشتگوێخستنی ئەو یاسایە بوو، كە پەرلەمانی كوردستان بۆ كاری رۆژنامەگەری دەریكردوە، دادگاكان لەبری ئەوەی بەو یاسایە مامەڵە لەگەڵ كەیسی رۆژنامەنوساندا بكەن، بەیاسای دیكەی وەكو خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن و لەو بابەتانەی هیچ پەیوەندییەكیان بە كاری رۆژمانەوانییەوە نییە مامەڵەیان لەگەڵ رۆژنامەنوساندا كرد و بینیمان چەندین رۆژنامەنوس بەپێی ئەو یاسایە درانە دادگا و دادگاش هەر بەو یاسایە مامەڵەی لەگەڵدا كردن و هەندێكیان دەستگیركران و بۆ چەند رۆژێك راگیران، ئەمانە بەئاشكرا پێمان دەڵێن رەوشی رۆژنامەنوسان لەساڵی 2019دا خراپتر بوە باشتر نەبوە".
سەبارەت بە رۆڵی سەندیكای رۆژنامەنوسانیش ئاسۆس هەردی دەڵێت "سەندیكای رۆژنامەنوسان هەندێكجار ئیشی باش دەكات، بەڵام زۆربەی كات دەستەوەستانن بەرانبەر ئەو فشارانەی دەكرێتە سەر رۆژنامەنوسان، یاسایەك كە بە پێشنیاری سەندیكا لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوە و سەندیكا شانازیەكی گەورەی پێوە دەكات و دەڵێت: رۆژنامەنوس بەپێی ئەم یاسایە حوكمی زیندانی نادرێت و عەزێت نادرێت و ناڕەحەت ناكرێت، بەبەرچاوی خۆیەوە ئەم یاسایە پشتگوێخراوە و دادگاكان هیچ كارێكی پێ‌ ناكەن و وەكو ئەوە وایە هەر نەبێت، بەڵكو مامەڵە بە یاساكانی دیكە دەكەن بۆئەوەی رۆژنامەنوسان تەمێ‌ بكەن و حوكمیان بدەن و چاوترسێنیان بكەن". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد " نەماندی سەندیكای رۆژنامەنوسان لە لێدوانێك بەولاوە گوشارێكی جدی دروستبكات لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و لەسەر دادگاكان و لەسەر پەرلەمانی كوردستان بۆئەوەی كۆتایی بەم پێشێلكاریانە بهێنێت بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان".
ئاسۆس هەردی دووپاتیكردەوە "تا ئەم عەقڵێتەی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانەی لێرە هەیانە حوكم بكات لە كوردستاندا، تا ئیعتیبار بۆ یاسا دانەنرێت، ئیعتیبار بۆ دامەزراوە یاسایەكان دانەنرێت، چاوەڕێناكەین وەزعی رۆژنامەنوسان لەوە باشتربێت".
لەلایەن خۆیەوە مەم بورهان قانع ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان بەمجۆرە بۆ نەوا دوا "تائێستا ئەو لیژنانەی راپۆرتەكان لەسەر پێشێلكاریەكانی دژبە رۆژنامەنوسان لە كوردستان بڵاودەكەنەوە، نەهاتون سەردانمان بكەن بۆئەوەی بە بەڵگەوە داتای ورد بخەنە بەردەستمان تاكو ئەو ئەركەی لەئەستۆماندایە وەكو لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەماندا جێبەجێی بكەین و بەدواداچونی بۆ بكەین و بەرگری لە رۆژنامەنوسان بكەین"، وتیشی "هەندێك حاڵەتیش هەبوە كە پێشێلكاری بوە بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان و بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا نەكراوە، ئێمە هەوڵمان داوە وەكو پەرلەمانتارانی لیژنەی رۆشنبیری بۆ ئازادكردنیان و پشتیوانیكردنیان و ئەركی ئێمەیە كە پشتگیری لە رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان بكەین".
ئەو پەرلەمانتارە دووپاتیكردەوە "هەرچ پێشێلكاریەك بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان كرابێت، پێشیلی یاسای رۆژنامەگەری 35ی ساڵی 2007 كرابێت و پێشێلی ئازادی كاری رۆژنامەنوسی كرابێت، ئەوەی لە ئەستۆی ئەواندا بێت وەكو پەرلەمانتارانی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمان ئەوەی لە تواناماندا بێت كەمتەرخەمی ناكەین و هاوكاریان دەبین"، داوای لە ناوەند و رێكخراوەكانیش كرد لیژنەكەیان لە پێشێلكاریەكان ئاگاداربكەنەوە  تاكو بەدواداچونی بۆ بكەن.
سەبارەت بە ئازادی رادەربڕینیش، مەم بورهان قانع وتی "خەڵكانێك هەن لەناو پەیجەكانی سۆشیال میدیادا، بە ئارەزوی خۆیان جوێن دەدەن و سوكایەتی دەكەن و كەرامەتی خەڵك دەشكێنن، ئێمە چەندێك بەرگری لە ئازادی رادەربڕین دەكەین، بەڵام ئازادی رادەبڕینیش تا ئەو شوێنە تۆ ئازادیت كە ئازادی و كەرامەتی خەڵك بپارێزیت، لەهەمان كاتدا ئازادی رادەبڕین و رەخنەگرتن و بڵاوكردنەوە بۆ هەموان مسۆگەرە و ئێمە وەكو لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمانی كوردستان كۆمەڵێك كەیسی گرنگ هەیە بە دواداچونمان بۆ كردوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و دەزگاكانی ئاسایش و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بە رۆژنامەنوسان".
هەروەها وتیشی "هەرچ كێشەیەكیش روبەڕوی نوسەر و رۆژنامەنوسان ببێتەوە و ئێمە هەوڵی چارەسەركردنیمان نەدابێت دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ئێمەی لێ ئاگادارنەكراوینەتەوە، داوا لە رێكخراوەكان و سەندیكا و ئەو لایەنانە دەكەین كە بەرگری لە كاری رۆژنامەنوسی و ئازادی رادەربڕین دەكەن هەرچ پێشێلكاریەك دەبینن، لیژنەكەی ئێمەی لێ‌ ئاگادرابكەنەوە تاكو لە رووی یاسایی و پیشەییەوە بتوانین بەرگرییان لێ‌ بكەین".
لەلایەن خۆیەوە هادی جەلۆ مەرعی سەرۆكی روانگەی ئازادیەكانی رۆژنامەگەرێتی لە عیراق بۆ نەوا باسی لەوە كرد "ژمارەیەكی زۆر لە رفاندنی نوسەران و چالاكوان و راگەیاندكاران و رۆژنامەنوسان و تۆقاندنیان لە ساڵی 2019 لە عیراقدا تۆماركردوە لەوانە 30 حاڵەتی پێشێلكردنمان تۆماركردوە سەبارەت بە رۆژنامەنوسان و سێ‌ دادگاییكردن، سەرەڕای حاڵەتەكانی رفاندن و دەستبەسەركردن، كە زیاتر لە 31 حاڵەت دەبن و هەروەها كوژرانی سێ‌ رۆژنامەنوسمان تۆماركردوە".
وتیشی "هێزە سیاسییەكان وەكو هاوبەش مامەڵە لەگەڵ ئامڕازەكانی راگەیاندن و رۆژنامەنوسان ناكەن بەڵكو وەكو كەرەستە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن ئەمەش كاری پاراستنی رۆژنامەنوسان قورسدەكات، هەروەكو خۆتان دەبینن لە بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق و شارەكانی هەرێمی كوردستانیش، بارودۆخەكە لەبارە بۆ دادگاییكردنی رۆژنامەنوسان و روبەڕوی پێشێلكاری ببنەوە، چونكە یاسا نایانپارێزێت بەهۆی ئەوەی بناغەی سەرەكی دەوڵەتی عیراق رێگە بە یاساكان نادات باڵادەستبن بەڵكو حزبەكان و لایەنە سیاسییەكان لە یاساكان بەهێزترن" .
سەرۆكی روانگەی ئازادیەكانی رۆژنامەگەرێتی لە عیراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە بەشێك لە ئازاردانی رۆژنامەنوسەكانی عیراق هەژمار دەكرێت، چونكە تەنها ناویان رێكخراوی نێودەوڵەتییە و پاڵپشتی نێودەوڵەتی دەكرێن و لە كۆتاییدا چەند بەیاننامەیەكی شەرمەزار سەبارەت بە پێشێلكاریەكان و پاڵپشتیكردن لە ئازادی رادەربڕین و پاراستنی رۆژنامەنوسان دەردەكەن، بابەتەكە وەكو یەكی لێهاتوە رێكخراوە ناوخۆیەكان دەستبەستراوەن و ناتوانن هەمو كارێك بكەن و هەروەها رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش كە پاڵپشتی نێودەوڵەتییان هەیە و پارێزراویشن و دەستكراوەشن، نەیانتوانیوە هیچ بكەن بەدەر لە دەركردنی چەند بەیاننامەیەكی شەرمەزار".
وتیشی دوا وتەم لەرێگای نەواوە ئەوەیە "بەهەمو رۆژنامەنوسەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەڵێم: دەبێت پێشبینی ئازاردان و رێگریكردن لە روماڵكردن و دەستبەسەركردن و دادگاییكردن و تەنانەت پێشبینی كوشتنیشت بكەیت، پیشەی رۆژنامەنوسی بەتەنها ماندوبون نییە وەكو لەپێشودا باسیان لێوە دەكرد، بەڵكو پیشەی مردن و مەترسی و رەنگە پیشەی برسێتی و بێبەشكردنیش بێت!".  
لەراپۆرتێكی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی-دا هاتوە "دەنگی تۆ گرنگی هەیە و مافی خۆتە هەرچیەك بڵێیت كە بیری لێدەكەیتەوە، هەروەها بۆت هەیە هاوڕابیت یان هاوڕانەبیت لەگەڵ دەسەڵاتداراندا و لەرێگای خۆپیشاندانەوە ناڕەزایی دەرببڕیت و پیادەكردنی ئەم مافانە كارێكی سەرەكییە لە كۆمەڵگەیەكی كراوە و دادپەروەردا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاكو ئێستا حكومەتەكان لە هەمو جیهاندا تەنها لەسەر قسەكردن خەڵكانێك زیندانی دەكەن سەرەڕای ئەوەی زۆربەی دەستوری وڵاتەكانی جیهان ئازادی رای دەربڕین بەرزدەنرخێنن، لەكاتێكدا مافی رادەربڕین لە مادەی 19ی راگەیاندنی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤدا هاتوە و دواتر لەرێگای یاساوە ئەم مافانە پارێزراوە بەپێی كۆمەڵێك پەیماننامەی نێودەوڵەتی و هەرێمی".
هەروەها رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت "ئازادی رادەربڕین یان ئازادی قسەكردن هەمو بیروبۆچونەكان دەگرێتەوە تەنانەت ئەوانەی زۆر بەناشرین و دەستدرێژی دادەنرێن، بەدەر لەو حاڵەتانە نەبێت كە پێشێلكردنی مافی كەسەكانی دیكەیە یان بانگەشە بۆ رق و كینە بكات و هانی خەڵكی بدات بۆ توندوتیژی و جیاكاری".
ئێمەش دەڵێین "بەری خۆری ئازادیمان لێ‌ مەگرن، با جیهان نەبێت بەتاریكستانی جەهل و كۆیلایەتی، سروشت هەرچەندە جوان بێت، بەڵام بە تێكەڵبونی رەنگە جیاوازەكانی جوانتر دەبێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group