تا كەی چالاكی ڤایرۆسیH1N1 لە هەرێمی كوردستاندا دەمێنێت؟

13/01/2020

نەوا-لاڤە كوردە 
هەرچەندە وەزیری تەندروستی هەرێم دەڵێت "كۆنتڕۆڵی ئەنفلۆنزای وەرزییH1N1  لەئاستێكی باشدایە"، بەڵام ڤایرۆسەكە بوونی هەیە و رێنمایی پێویست دەدرێتە هاووڵاتیان، دەرمانی دژە ڤایرۆسەكەش لە شارەكانی هەرێم تەنها لە یەك شوێن دەستدەكەوێت و شەش جۆر لە مرۆڤەكان ئاگاداردەكرێنەوە بەوەی خۆیان دژی ڤایرۆسەكە بكوتن، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانیش دەڵێت "لە دوای مانگی سێ چالاكی ڤایرۆسەكە كەمدەبێتەوە". 
د.رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا پێی وتین "هەوڵماندا هانی خەڵك بدەین پێكوتەی دژی نەخۆشییەكە وەربگرن، بەڵام گەنجان نا، بەڵكو ئەو شەش گروپەی دیاریمان كردون، بریتین لە: منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ، ژنانی دووگیان، بەساڵاچوانی سەرو 65 ساڵ، نەخۆشیە درێژخایەنەكان، توشبوانی شێرپەنجە، ئەوانەی نەخۆشی دڵ و سی و گورچیلەیان هەیە".

وتیشی "هەموو ئەنفلۆنزایەكی وەرزیی سێ جۆری هەیە (A، B، C)، جۆریC  زۆر شەڕانی نییە و B مامناوەندە و A زۆر توندوتیژە، لە نیشانەكانی توندوتیژەكەش، تا و لەرزێكی زۆر توشی كەسەكە دەبێت و هەناسەی توند دەبێت، ماسولكەكانی بێهێز دەبن و ناتوانێت بچێتە سەر كارەكەی، هەروەها پژمە و كۆكەیەكی توندی دەبێت".
سەبارەت بەوەی چالاكی ڤایرۆسەكە تا كەی بەردەوام دەبێت و ئومێدی نەمانی لای پزیشكان لە چ ئاستێكدایە؟ د.رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، تا وەرزی سارد و سەرما بەردەوام بێت، ڤایرۆسەكەش بوونی دەبێت و تا دوای مانگی سێ ئەوكات چالاكی كەمدەبێتەوە.
نەخۆشخانەی ئاشتی-ش لە قەزای سۆران ئامادەكاری تەواویكردوە بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەكە و شوێنی تایبەت دابینكراوە، لەوبارەیەوە د.كاروان جەمال بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی سۆران بۆ بەرنامەی "شەقام" وتی "رێنمایی دراوە بە هەموو هاووڵاتیان و كارمەندانی نەخۆشخانەكەش، هەروەها پشكنین و سامپڵ لەو كەسانە وەردەگیرێت، كە سەردان دەكەن و لەناو نەخۆشخانەش شوێنی تایبەت دابینكراوە بۆ ئەو كەسانەی ئەگەر توشبوی ڤایرۆسی H1N1 بن".

لە سنوری پارێزگای دهۆكیش چوار كەس بەهۆی توشبون بە ئەنفلۆنزای وەرزیی H1N1 گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بەو هەواڵە، سیروان محەمەد بەڕێوەبەری كاروباری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆك لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاشكرایكرد، تائێستا 67 حاڵەتی توشبوی ئەنفلۆنزای وەرزیی تۆماركراون و 24 حاڵەتیان وەك  توشبو بە ئەنفلۆنزای وەرزیی H1N1 تۆماركراون، كە سەرجەمیان لە هەولێر پشكنینیان بۆ ئەنجامدەدرێت.
رۆژی یەكشەممەی رابردوش شاندێكی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان (WHO) لە هەرێمی كوردستان بون و هاوكاریی هەرێم دەكەن لە بەرەنگاربونەوەی ئەنفلۆنزای وەرزیی H1N1. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group