كۆتا ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەكەی توركیا راگەیەندرا

28/01/2020 جیهان

نەوا
دەسەڵاتدارانی توركیا ئاشكرایانكرد، پرۆسەی گەڕان و پشكنین بۆ رزگاربوانی بومەلەرزەكەی چەند رۆژی رابردو كۆتاییهاتوە و كۆتا ئاماریش ئەوەیە 41 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و 600ی دیكە برینداربون.
ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسانی توركیاوە بڵاویكردوەتەوە، پرۆسەی گەڕان بەدوای رزگاربوانی بومەلەرزەكە لەژێر داروپەردوی تەلارە روخاوەكاندا كۆتاییهاتوە.
رونیشكراوەتەوە، ژمارەی قوربانیان زیادی كردوە و كۆتای ئامار لەبارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە 41 كەس كە (37یان لە هەرێمی ئەلازیغ و 4یان لە هەرێمی مەڵاتیە)بون، هەروەها زیاتر لە هەزار و 600 كەس برینداربون و زۆرینەیان چارەسەركراون، لەئێستادا تەنها 86 كەسیان لەنەخۆشخانەكاندا ماون.
گوڕی بومەلەرزەكەی چەند رۆژی رابردوی توركیا 6.8 پلە بوە بەپێوەری رێختەر و دوای ئەوەش دەیان بومەلەرزەی لاواز تۆماركراون، بەڵام ئەوەی یەكەمیان، كە سەنتەرەكەی لە ویلایەتی ئەلازیغ بوە، وێرانكەر بوە و زیانێكی مادی زۆریشی لێكەوتوەتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group