له‌ سێ ساڵدا چه‌ند روداوى هاتوچۆ له‌ عیراقدا رویانداوه‌ و قوربانییه‌كان چه‌ند بون؟

17/02/2020 عێراق

نه‌وا
عه‌مید حه‌یده‌ر كه‌ریم ئه‌فسه‌ر له‌ راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى عیراق به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، له‌ سێ ساڵى رابردودا 29 هه‌زار و 427 روداوى هاتوچۆ له‌ عیراق (جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان) تۆماركراون، كه‌ زیاتر له‌ 39 هه‌زار قوربانییان لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ى گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و برینداربون.
عه‌مید حه‌یده‌ر كه‌ریم له‌به‌رنامه‌یه‌كى به‌شى عه‌ره‌بى رادیۆ نه‌وادا وتى "له‌ساڵى 2017دا هه‌شت هه‌زار و 824 روداوى هاتوچۆ رویانداوه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ دوو هه‌زار و 621 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و نۆ هه‌زار و 388 كه‌سیش برینداربون".
وتیشى "له‌ساڵى 2018شدا روداوه‌كانى هاتوچۆ زیادیان كردوه‌ و نۆ هه‌زار و 852 روداوى هاتوچۆ تۆماركراون، كه‌ بونه‌ته‌هۆى گیانله‌ده‌ستدانى دوو هه‌زار و 767 كه‌س و برینداربونى 10 هه‌زار و 409 كه‌س، له‌ساڵى 2019ه‌ش روداوه‌كانى هاتوچۆ له‌ساڵى پێشتر زیاتربون، به‌ جۆرێك گه‌یشتونه‌ته‌ 10 هه‌زار و 753 روداو و به‌هۆیانه‌وه‌ دوو هه‌زار و 636 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 11 هه‌زار و 561 كه‌س برینداربون".
پێشتریش فازلأ غه‌راوى ئه‌ندامى كۆمسیۆنى مافه‌كانى مرۆڤى عیراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكردبوه‌وه‌، به‌رزبونه‌وه‌یه‌كى ئاشكرا له‌ روداوه‌كانى هاتوچۆ له‌ عیراقدا ده‌بینرێت ئه‌وه‌ش به‌هۆى نه‌بونى هۆكاره‌كانى سه‌لامه‌تى هاتوچۆن له‌سه‌ر رێگاكان و ئۆتۆمبێله‌كان و كۆنى رێگه‌وبانه‌كان، داواش ده‌كات رێوشوێنى پێویست بگیرێنه‌به‌ر بۆ سه‌لامه‌تى ئۆتۆمبێله‌ هاورده‌كراوه‌كان و ته‌مه‌نى شۆفێر و دانانى سزاى دارایى قورس بۆ رێگه‌گرتن له‌ خێرایى لێخوڕین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group