ئه‌ندامێكی شاندی هه‌رێم له‌ به‌غدا: له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی نه‌گه‌یشتینه‌ هیچ ئه‌نجامێك

20/02/2020 عێراق

نه‌وا
ئه‌ندامێكی شاندی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌فدی هه‌رێم له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ئه‌نجامێك.
د. ده‌رباز محه‌مه‌د ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌راندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌ندامی شاندی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا به‌ماڵپه‌ڕی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، "شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌گه‌یشته‌ هیچ ئه‌نجامێكی ئیجابی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق".
وتیشی: "شانده‌كه‌ی هه‌رێم له‌باره‌ی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ و رێكاره‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق، نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌نجام".
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌، شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، كاندیدی راسپێراوی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت كۆبونه‌وه‌.
هه‌ر هه‌مان رۆژ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق له‌ په‌یامێكدا داوای له‌ په‌رله‌مانی عیراق كرد كه‌ رۆژی دوشه‌ممه‌ی داهاتو دیاری بكه‌ن بۆ كۆبونه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ته‌كه‌ی به‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group