پەرستارێكی توشبوی كۆرۆنا كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

26/03/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
پەرستارێكی ئیتاڵی توشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەترسی ئەوەی كەسانی دەوروبەری خۆی توشبكات، كۆتایی بە ژیانی دەهێنێت.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، پەرستارێكی ئیتاڵی بەناوی دانێلا تریزی تەمەن 34 ساڵ، كە لەبەرەی پێشەوەی بەرەنگاربونەوەكانی كۆرۆنا شەڕدەكات، كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا لەبەرئەوەی توشی ڤایرۆسەكە بوە و ترساوە لەوەی كەسانی دەوروبەری توشبكات.
رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی-یش لەو چوارچێوەیەدا ئاشكرایكردوە، ئەو خانمە پەرستارە لەژێر گوشارێكی قورسی دەرونیدا بوە، توشبونەكەشی لەوكاتەدا بوە، كە لە نەخۆشخانەی "سان جیراردۆ" لە ناوچەی مونزای سەر بە هەرێمی لومباردی چارەسەری نەخۆشەكانی كردوە. 
لای خۆیەوە یەكێتیی پەرستاران لە ئیتاڵیا غەمباری و سەرسوڕمانی خۆی بەهۆی مردنی دانێلاوە دەربڕیوە، جەختیشیكردوەتەوە، هەر كەسێك لەوان پیشەكەیان بۆ خێر و مانەوەی مرۆڤەكان و بە داخەوە بۆ شەڕیش هەڵبژاردوە، چونكە ئەوان پەرستارن.
مایۆ ئەلبارۆنی بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەكەش دەڵێت "دانێلا لە 10ی مانگی ئازارەوە بەهۆی نەخۆشییەكەوە لە ماڵەوە بوە و لە ژێر چاودێریدا نەبوە، تائێستاش مردنەكەی لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە".
هەفتەی رابردو روداوێكی هاوشێوەش لە شاری ڤینیس لە هەمان وڵات رویدا، بە پێی دوایین ئامارەكان تائێستا پێنج هەزار و 760 كارمەندی تەندروستی لە ئیتاڵیا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group