پەرلەمانتارێكی كورد: ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت

17/05/2020

نەوا-كاروان مەحمود 
پەرلەمانتارێكی كورد رەتیدەكاتەوە هیچ ئومێدێك نەبێت بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوەو ئەوەش دەڵێت: "هەڕەشەی كوتلە شیعەكان كاریگەری لەسەر ناردنی مووچە دەبێت بەڵام ناردنی مووچە راناگیرێت".
لەبارەی ناردنی مووچە لە بەغداوە موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بێ ئومێد نین چونكە ناردنی بودجەو مووچە ساڵانە لە پرۆژە یاسای بودجە بڕگەی تایبەتی بۆ تەرخان دەكرێت و پێویستە لەبەرانبەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم حكومەتی فیدراڵ بودجەو مووچەی فەرمانبەران رەوانە بكات.
راشیگەیاند، راستە هەڕەشەی كوتلە شیعەكان كاریگەری لەسەر ناردنی مووچە دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان بەڵام بەپێی دەستور نابێت ناردنی مووچە رابگیرێت و بەوەش ئەگەر كاری بە یاسا بكرایە بەپێی ئەو بڕگەیەی لە یاسای بودجەی 2019 هاتووە كە ئێستاش كاری پێدەكرێت دەبوو حكومەتی فیدراڵ بەشێكی بودجەی رەوانەی هەرێمی كوردستان بكردایەو ئەوەندەی پارە ببڕیایە كە بەشی رادەست نەكردنی نەوت بێت نەك مووچەش رابگرێت.
موسەنا ئەمین جەختی لەوەشكردەوە، بە رێككەوتن و گفتوگۆ دەتوانرێت كێشەكە چارەسەر بكرێت و حكومەتی هەرێمیش دەبێت پابەندی رادەستكردنی نەوتی بێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group