بەكارهێنانی یەكەم ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لە جیهاندا دەستیپێكرد

29/06/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
دوای ئەوەی لە تاقیكردنەوەكاندا سەركەوتنی بەدەستهێنا، چین دەستی بە بەكارهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لەسەر مرۆڤ كردوە.
لەوبارەیەوە سەرچاوەكانی هەواڵی چین بڵاویانكردوەتەوە، سوپای چین گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە بۆ بەكارهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لەسەر مرۆڤ بەشێوەیەكی فەرمی، ئەوەش دوای ئەوەی لە تاقیكردنەوەكاندا دەركەوتوە كاریگەرە و سەلامەتیشە.
رونیشكراوەتەوە، ڤاكسینەكە ناوی " ad5-ncov"ە لەلایەن كۆمپانیای "كانسینۆ بیۆلۆجیكس" بەرهەمهێنراوە و یەكێكە لەو هەشت ڤاكسینەی كۆمپانیا چینیەكان گەشەیان پێداوە، پێشتریش رەزامەندی وەرگیرابو تا لەسەر مرۆڤ تاقیبكرێنەوە.
لای خۆیشیەوە كۆمپانیای ناوبراو ئاشكرایكردوە، لیژنەی سەربازی ناوەندیی چینی رەزامەندی داوە بە سوپا ڤاكسینەكە بۆ ماوەی ساڵێك بەكاربهێنێت، لەئێستادا تەنها لەسەرئاستی سەربازی بەكاردەهێنرێت و بۆ بەكارهێنانی لەسەر ئاستێكی فراوان پێویستی بە رەزامەندی ئیدارەی پشتگیری لۆجیستی هەیە.
تەئكیدیشی كردوەتەوە، لە تاقیكرنەوەكاندا دەركەوتوە ڤاكسینەكە توانای رێگەگرتن لە توشبون بە كۆرۆنای هەیە، بەڵام تائێستاش گرەنتی ئەوە نییە لەسەرئاستی بازرگانی سەركەوتو دەبێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group