سەرۆكی پەرلەمان لە بارەی سەندنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر رونكردنەوە دەدات

29/06/2020

نەوا
نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند كە رێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمان لەسەر هەڵوێستی پێشووی خۆیەتی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێسەندنەوەی پارێزبەندی، لە سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی.
نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەو رونكردنەوەكەدا رایگەیاندووە،"ئاماژە بەو دەنگۆیانەی‌ لە هەندێ لە سایتەكان بڵاو بوەتەوە سەبارەت بە نوسراوێكی‌ سەرۆكایەتی‌ دیوانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بۆ ئاگاداركردنەوەی‌ پەرلەمانتار (سۆران عمر) لە بەردەم دادگای‌ لێكۆڵینەوە، بە هەمو لایەك ڕادەگەیەنین كە:
1- بەڕێز سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان جەخت لەسەر هەڵوێستی‌ پێشوی‌ دەكاتەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی‌ بڕیاری‌ ژمارە (4) ی‌ ساڵی‌ 2020 كە بڕیارمان بە نوسراوی‌ ژمارە (37 لە 14/6/2020) واژۆ كراوە، بۆ ئەم مەبەستەش بە نوسراوی‌ ژمارە (4/3/1001 لە 25/6/2020) ئاڕاستەی‌ سەرۆكایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران كراوە بە مەبەستی‌ بڵاوكردنەوەی‌ لە ڕۆژنامەی‌ فەرمی‌ وەقایعی‌ كوردستان، بۆ ئەوەی‌ سیفەتی‌ ئیلزامی‌ وەربگرێت بۆ جێبەجێكردن.
2- ڕاستەوخۆ دوای‌ بڵاوبونەوەی‌ بڕیارەكەمان لە ڕۆژنامەی‌ فەرمی‌ وەقایعی‌ كوردستان ئاڕاستەی‌ هەردوو دادگای‌ تێهەڵچونەوەی‌ هەولێر و سلێمانی‌ دەكەین بۆ جێبەجێكردنی‌.
3- بابەتی‌ ئاگاداركردنەوەی‌ پەرلەمانتاری‌ ناوبراوی‌ سەرەوە لەلایەن دیوانی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمان بابەتێكی‌ تەواو ئیداری‌ و ڕێكاریە، پەیوەندی‌ بە ناوەڕۆكی‌ بڕیارەكەی‌ ئێمەوە نیە.
لە بەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەدا، نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "دۆخی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە ڕوی‌ موچه ‌و گوزەرانی‌ هاوڵاتیان، ئابوری‌، تەندروستی‌، ئەمنی‌ و سیاسی‌ بە جۆرێكە كە ئیتر كوردستانیان لە پەرلەمانی‌ قبوڵناكەن، كە هەریەكە لەو بابەتانە نەكاتە بەرنامەی‌ كاری‌ دانیشتنەكانی‌، بۆیە پێمانوایە بابەتی‌ ناكۆكی‌ و یەكلاییكردنەوەی‌ سیفەتی‌ ئیلزامی‌ بڕیاری‌ ژمارە (4)ی‌ ساڵی‌ 2020 و هەڵوەشاندنەوەكەی‌ دەبێت بە ڕێكاری‌ یاسایی و ئیجرائی‌ خۆیدا بڕوات و چیتر پەرلەمان و سەرۆكی‌ پەرلەمان بەم بابەتەوە سەرقاڵ نەكرێت، لەبەرئەوەی‌ هەموان لە بەرامبەر بەرپرسیاریەتیەكی‌ گرنگداین و دەبێت ئەركی‌ خۆمان جێبەجێبكەین."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group