سەرۆكی لوبنان: سەختترین جەنگمان پاروە نانی هاووڵاتیانە

01/08/2020 جیهان

نەوا
میشال عۆن سەرۆكی لوبنان دەڵێت "جەنگێكی جیاواز لە وڵاتدا بەڕێوەدەبەین و لە یەك كاتدا روبەڕوی 4 جۆر دوژمن دەبینەوە، كە سەختترینیان پاروە نانی هاووڵاتیانە".
میشال عۆن لە ساڵیادی دامەزراندنی سوپای لوبناندا باسی لە پێشێلكارییەكانی ئەمدواییەی ئیسرائیل كرد دژبە لوبنان و جەختیكردەوە، پابەندن بە بڕیاری ئاگربەستی نێوانیان، بەڵام ئامادەن بۆ بەرگریكردن لە خۆیان و خاك و ئاو و سەروەریی وڵاتەكەیان.
وتیشی "لوبنان لە جۆرە جەنگێكی تایبەتدایە، كە لە جەنگە سەربازییەكان توندوتیژترە و هەموو لوبنانییەكی گرتوەتەوە و پەیوەندی بە پاروی ژیانیانەوە هەیە و دوژمنیشیان لەو بوارەدا زۆرە".
هەروەها گەندەڵی بە یەكەم دوژمن وەسفكرد و وتی "لە هەموو دامەزراوەكاندا هەیە، دووەم دوژمنی لوبنان ئەوانەن، كە یاری بە پاروی خەڵكەوە دەكەن بۆئەوەی پارەی زیاتر كۆبكەنەوە، سێیەمیش ئەوانەن، كە بەشداربون لە لێدانی دراوی نیشتمانی، چوارەم دوژمنی لوبنانییەكانیش ئەوانەن، كە پروپاگەندە دروستدەكەن بۆئەوەی بێئومێدی دروستبكەن و جیهان دەگەڕێن لەپێناو رێگرتن لە پێشكەشكردنی هەر هاوكارییەك بە وڵاتەكەمان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group