زێڕ بەرزترین نرخی لە مێژووی خۆیدا تۆماركرد

05/08/2020 جیهان

نەوا

نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبونەوە و بەرزترینی لە مێژووی خۆیدا تۆماركرد، بەجۆرێك یەك ئۆنسەی گەیشتوەتە سەروو دوو هەزار دۆلار.
بەپێی داتاكان لە بازاڕەكانی جیهانەوە، نرخی زێڕ دوو هەزار دۆلاری تێپەڕاندوە و ئەوەش بەرزترین نرخە لە مێژووی خۆیدا، بەجۆرێك بەهاكەی لە مامەڵە خێراكاندا %1.6 بەرزبوەتەوە و یەك ئۆنسە گەیشتوەتە دوو هەزار و 9 دۆلار و 13 سەنت، ئەمەش لەكاتێكدایە لە مامەڵەی پێشوتریدا گەیشتە دوو هەزار و 4 دۆلار و 35 سەنت.
هەروەها گرێبەستە دواخراوەكانی زێڕی ئەمریكی بە رێژەی %1.7 بەرزبونەوەی بەخۆیەوەبینیوە و یەك ئۆنسە بەرانبەر دوو هەزار و 21 دۆلارە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەرزبونەوەی پێشتری دوو هەزار و 27 دۆلار و 30 سەنت بوە.
لای خۆیەوە "ئیدوارد مۆیا" شیكەرەوەی جیهانی بازاڕ باسی لەوەكردوە، تا كۆتایی ئەمساڵ نرخی یەك ئۆنسە زێڕ دەگاتە دوو هەزار و 300 دۆلار.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و مەترسی لەسەر دابەزینی نرخی دراو، نرخی زێڕ و كانزاكانی تریش بەرزبونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە و زێڕ %32ی نرخەكەی زیادی كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group