وەزیری دەرەوەی ئێران: واشنتۆن بە مەرج دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی

پێش 4 هەفتە جیهان

نەوا
وەزیری دەرەوەی ئێران باس لەوەدەكات، واشنتۆن تەنها بە دوو مەرج دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، دەشڵێت، بەلایانەوە گرنگ نییە چ كاندیدێك لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا سەردەكەوێت.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە ماڵپەڕی سپۆتنیكی روسی راگەیاندووە، ئەگەر ئەمریكا بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی پێویستە سەرەتا قەرەبووی تاران بكاتەوە و دواتر بەڵێن بدات كە جارێكی تر لەو رێككەوتنە ناكشێتەوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكاش باسی لەوەكرد، بەلایانەوە گرنگ نییە كێ لە كۆشكی سپی دەبێت، ئەوەی بەلایانەوە گرنگە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە.
واشنتۆن ساڵی 2018 لە رێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوە و سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە تائێستا بەرپرسانی حكومەتی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ هیچ خواستێكیان بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو رێككەوتنە نیشان نەداوە.
هەرچی جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكانیشە باسی لەوەكردوە، كە لەئەگەری سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، بەلام بەو مەرجەی ئێران بە تەواوەتی پابەندی رێككەوتنەكە بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group