راوبۆچوونی هاووڵاتیان لەسەر كوالێتی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت

07/10/2020

نەوا
سەرەڕای بوونی چەندین كۆمپانیای خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ماوەی مانگێك دەبێت هاووڵاتیان لە كوالێتی ئینتەرنێت ناڕازین و كاروان رەزا ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ كەسێك سكاڵای تۆمار نەكردووە و جەختیش لەوە دەكاتەوە هەر سكاڵایەك هەبێت بەدواداچونی بۆ دەكەن.
بۆ وەرگرتن و گواستنەوەی ئینتەرنێت بۆ هاووڵاتیان، جۆرەكانی بە سیم یان بێ سیم، واتا یان لەڕێگای شەپۆلە كارۆ موگناتیسییەكانە یان لەڕێگای كێبڵ، یان ئەی دی ئێس ئێڵ دەگات بە هاووڵاتیان، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، دەتوانرێت ئینتەرنێت بە شێوازی فایبەر تو هۆم بگات بە هاووڵاتیان.


لە هەرێمی كوردستان 45 كۆمپانیای ئینتەرنێت سیستەمی وای فای-یان هەیە و ژمارەیەك لەوانە لە ناوچەیەكی دیاریكراودا كار دەكەن، هەروەها بۆ سیستەمی ئێڵ تی لە هەرێمی كوردستان چوار كۆمپانیا كار دەكات كە دوو لەوانە لە سەرتاسەری هەرێم كار دەكەن كە بریتیین لە نەورۆز و فاستلینك، دووانیشیان كە تیشك نێت لە سلێمانی و هەولێرن، گۆڕان نێت تەنها لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان و ئەو ناوچانە كارایە، هەروەها فایبەر تو هۆم لە هەولێر و دهۆك كۆمپانیای نۆرتێلە، لەناو شاری سلێمانی-یش كۆمپانیای كوردتێلە، لە قەزا و ناحیەكانیش كۆمپانیای ئۆپت ئای كیو كار دەكات، بەڵام ماوەیەكە هاووڵاتیان رەخنە لە كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دەگرن بەهۆی خراپی كوالێتی هێڵەكانەوە.


خاوەن شوێنكارێك لە بازاڕی شاری هەولێر، ئاماژە بەوە دەكات سەرەتا كوالێتی هێڵەكان زۆر باش دەبێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات بۆ ساغكردنەوەی ئامێر و سیمكارتی دیكە، هێڵەكان زۆر خراپ دەبن و كۆمپانیایەكی دیكە دادەمەزرێت و ناچاردەبین ببین بە هاوبەشی كۆمپانیا نوێیەكە.
خاوەن شوێنكار، نەجات تاهیر گلەیی لە كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت دەكات و دەڵێت "من ئینتەرنێتی جۆری كێبڵ بەكاردەهێنم. لە سەرەتای هاتنی هێڵكەوە من بەكاریدەهێنم، سەرەتا كوالێتی هێڵەكە باش بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات كوالێتی لەدەستدا، بۆ نموونە پێشتر كارتێكی 39 هەزار دیناری، 15 گێگا بایتی ئینتەرنێتی دەدا، بەڵام ئێستا ئۆفەرێكی دیكەی هەیە، ئەویش كارتی 25 هەزار دیناری كردووەتە 39 گێگابایت، بەڵام ئەویش بەكارنایەت و ناتوانی ڤیدیۆ بكەیتەوە".
لەبارەی ئەوەی كە ئایا سكاڵای تۆمار كردووە، نەجات تاهیر بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتویەتی "سكاڵا لە كێ بكەین؟ من سكاڵا بكەم، كۆمپانیاكە 20 پارێزەری هەیە و توانای رووبەڕووبوونەوەیم نییە، زۆربەی كۆمپانیاكان رووپێوییان لەسەر رووبەر كردووە نەوەك ژمارەی بەشداربووان، كاتی شەوانەش هێڵی ئینتەرنێت زۆر خراپە و سیستەمەكەش وایە كە رێژەی بەشداربووان سنووردارە و زۆر زیاتر لەو رێژەیە فشار دەخەنە سەر هێڵەكە بەوەش كوالێتی لەدەستدەدات".
ئەو خاوەن شوێنكارە پێیوایە كە كۆمپانیاكان هەموویان وەكو یەكتروان و لەوبارەیەوە دەڵێت "هیچ جیاوازییەك نییە لەنێوان كۆمپانیاكان و هەمووی یەك سەرچاوەیە، چەندین كۆمپانیا هەیە دوای ماوەیەك تەنها ناوەكەی دەگۆڕدرێت كەچی خۆی هەمان كۆمپانیای پێشووترە".
وەستایەكی چاككردنەوەی مۆبایل كە بەردەوام پێویستی بە ئینتەرنێت هەیە ئاماژە بەوە دەكات كە هەردوو جۆری ئینتەرنێتیی كێبڵ و وای فای بەكاردەهێنێت و جەخت لەوە دەكاتەوە كە هێڵەكان بەتەواوی خراپ بوون و كوالێتییان نەماوە.
وەستا محەمەد جەمال بۆ ئاژانسەكە وتویەتی "كێبڵ و وای فای بەكاردەهێنم ماوەی شەش مانگ دەبێت هێڵەكان بەتەواوی تێكچوون، كوالێتی ئینتەرنێتەكە بەرامبەر پارەی كارتەكە نییە و زۆر كەمترە".
ناوبراو پێی وایە یاریی پەپجی كاریگەری كردووەتە سەر خێرایی هێڵەكانی ئینتەرنێت و لەوبارەیەوە وتی "یاریی پەپجی كاریگەری لەسەر كوالێتی هێڵەكانی ئینتەرنێت هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار پەیوەندی بە كۆمپانیاوە دەكەین ئەوان دەڵێن، لەلای ئێمە هیچ كێشەیەكی نییە و نایەن بە دەممانەوە".


لەلایەن خۆیەوە كاروان رەزا ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كەس نەچۆتە لای ئەوان بۆ سكاڵاكردن و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر سكاڵا هەبێت ئەوا بەدواداچوونی بۆ دەكەن.
كاروان رەزا ئەحمەد لەبارەی گلەیی هاووڵاتیان لە كوالێتی هێڵەكانی ئینتەرنێت بۆ ئەنادۆڵ دەڵێت "تا ئێستا هیچ سكاڵایەك نەهاتووەتە لای ئێمە، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ، جەنابی وەزیر ژمارەیەكی بڵاوكردەوە بۆ سكاڵاكردن، بەڵام كاتێك هاووڵاتیان سكاڵا نەكەن، ئێمە چ بەدواداچوونێك بكەین، چونكە دەبێت شوێن و ناوی كۆمپانیاكە بزانین".

لەماوەی رابردوودا، زۆرترین گلەیی لە خراپی هێڵەكانی ئینتەرنێت لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبووندا هەبوو، سەبارەت بەم پرسەیش بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن ئاشكرای دەكات كە زۆركەس خۆیان بە خاوەن پڕۆژەكە دەزانن و رێگاش نادەن هێڵی فایبەر تو هۆم بچێتە ناو پڕۆژەكەوە و وتی "ئەو جۆرە كەسانەی خۆیان كردووە بە خاوەنی ئەم كۆمەڵگایانە و زۆربەیان هەر ناهێڵن فایبەرەكەش بچیتە ئەوێ، بەداخەوە خۆزگە لە هەرێمی كوردستان ئەم كێشەیە چارەسەر بكرابووایە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، چونكە كۆمەڵگاكانیش وەك گەڕەكەكان مافیان هەیە، هەروەها دەبێت لە دەوری پڕۆژەكان وایەرلێس هەبێت بۆ ئەوەی ئەوانەی وای فای بەكاردەهێنن بتوانن سوود لە ئینتەرنێت وەرگرن، بەڵام رێگرییەكی نایاسایی هەیە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و داوامان لە وەبەرهێنان و وەزارەتی ناوخۆ كردووە كە كێشەكە چارەسەر بكەن".
لەبارەی ژمارەی بەكارهێنەرانی هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وتی: "ئەگەر بە گریمانە بڵێین هەرێمی كوردستان پێنج ملیۆن كەسە، ئەوا دوو ملیۆن و 500 هەزار كەس بەكارهێنەری ئینتەرنێتە، چونكە هەموو هاووڵاتییەك مۆبایلی پێیە و هەموو منداڵێك مۆبایلێكی بۆ كڕدراوە و بەگشتی دەتوانین بڵێین سەدا 50 بۆ 55ی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەكارهێنەری ئینتەرنێتن".
سیستەمی بەرەوپێشەوەچوونی مەودادرێژ  (Long Term Evolution)، نوێترین سیستەمی ئینتەرنێتە كە لەدوای 3G كەوتووەتە كار بەجۆرێك خێراییەكەی 10 هێندەی 3G مەزەندە دەكرێت، ئەم سیستەمە لە هەرێمی كوردستان كار دەكات و بەشێكیش لە هاووڵاتیان لە خێراییەكەی ناڕازین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group