بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لێدوانێكی سەیر دەدات

16/11/2020 جیهان

نەوا
سەرەڕای ئەو گەشبینییەی بەهۆی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی دوو ڤاكسینی دژە كۆرۆنا هاتۆتەئاراوە، بەڵام تیدرۆس ئەدهانۆم گبریسۆس بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لێدوانێكی سەیر دەدات و هەموولایەك توشی شۆك دەكات.
لە چەند رۆژی رابردودا، هەردوو كۆمپانیای "فایزەر" و "بیۆنتك" و پاشان "مۆدێرنا" بەرهەمهێنانی دوو ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنایان بە جیا راگەیاند، بەڵام تیدرۆس ئەدهانۆم دەڵێت "هەر ڤاكسینێكی دژە ڤایرۆسەكە ناتوانێت بە تەنها كۆتایی بە پەتای كۆرۆنا بهێنێت".
بەڕێوەبەری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە ئاماژە بەوە دەكات، سەرەتا ڤاكسینەكە بەشێوەیەكی بەربڵاو نادرێت بە خەڵك، بەڵكو سەرەتا دەدرێت بە كارمەندانی كەرتی تەندروستی، پاشان كەسانی بە تەمەن و ئەوانەی مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
وتیشی "هیوادارین ئەو هەنگاوە ببێتەهۆی كەمكردنەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا و بتوانین لەگەڵ رەوشەكە هەڵبكەین".
سەرەڕای دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی هەردوو ڤاكسینەكە، بەڵام تیدرۆس ئەدهانۆم جەختدەكاتەوە، كە پێویستە چاودێریی رەوشەكە بكرێت و خەڵكی پشكنین بكەن و كەرەنتینی توشبوان بەردەوام بێت، هەروەك دەبێت ئەوانەی تێكەڵی توشبوانیان كردوە چاودێری بكرێن و بایەخ بە خەڵكی بدرێت.
تا شەوی دووشەممە 16-11-2020، ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتوەتە سەرو 55 ملیۆن و 75 هەزار كەس، ئەوانەی چاكبونەتەوە زیاترن لە 38 ملیۆن و 310 هەزار، بەڵام گیانلەدەستدانیش زیاترە لە ملیۆنێك و 328 هەزار توشبو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group