پەرلەمانی عیراق لیژنەی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ پێكهێنا

24/11/2020 عێراق

نەوا
لە پەرلەمانی عیراق لیژنەیەكی كاتی پێكهێنرا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵ، ئامانجی لیژنەكە دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ دابەشكردنی سامان لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021.
پەرلەمانی عیراق نوسراوێكی بلاوكردەوە، كە واژۆی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی بەسەرەوەیە، تیایدا هاتووە، "بڕیارمان دا لیژنەیەكی كاتی لە پەرلەمان پێكبهێنین، بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و دەستوری و یاسایی، هەروەها بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشكردنی سامانەكان لە نێوان رۆڵەكانی گەلی عیراق، كە دواتر بە دەقی یاسایی لە رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021 جێگیر دەكرێت".
بەپێی نوسراوەكەی پەرلەمان، ئەدامانی لیژنەكە پێكهاتون لە پەرلەمانتاران، محەمەد شیاع سودانی، عەدنان زورفی، محەمەد ساحب دەراجی، مزاحم تەمیمی، عەبود عیساوی، هیشام سهێل، حەسەن شوێرد و فەیسەڵ عیساوی.
بڕیارە لیژنەكە لە دوو رۆژی داهاتوودا دەستبەكاربێت، بەڵام تا ئێستا دیار نییە سەرەتای كرا و كۆبونەوكانیان لەگەڵ چ لایەنێكدا دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group