كازمی: ئەو گروپانەی لە پشت هێرشەكەی عەین ئەسەدەوەن، سەر بە عیراق نیین

03/03/2021 عێراق

نه‌وا
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو گروپانەی لە پشت بۆردومانەكەی سه‌ر بنكەی عەین ئەسەدەوەن، سەر بە عیراق نیین و دەیانەوێت زیان بە پێشكەوتنی وڵات بگەیەنن، ده‌شڵێت، هیچ گروپێك له‌ سه‌روو ده‌وڵه‌ته‌وه‌ نییه‌ و ناتوانێت ئه‌جینداكانی به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا بسه‌پێنێت.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوكرایەوە”مسته‌فا كازمی لە میانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاندووە، ئەو گروپانەی لە پشت هێرشەكەی عەین ئەسەدەوەن، سەر بە عیراق نیین و زیان بەو پێشكەوتنانە دەگەیەنن كە وڵات به‌ده‌ستیهێناون لەڕووی تێپەڕاندنی تەنگژەی ئابوری و گەشەكردن و هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیریی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی”.
كازمی باسی له‌وه‌شكردووه‌، ”دەزگا ئەمنییەكان ڕێنمایی ڕوویان پێدراوە كە دەبێت هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە لەدژی ئەو گروپانە بگرنەبەر، ئیتر سەر بە هەر كەس لایەنێك بن، چونكە هەر لایەنێك پێیوابێت لە سەرو دەوڵەتەوەیە و توانای ئەوەی هەیە ئەجێنداكانی بەسەر عیراق و ئایندەی گەلەكەیدا بسەپێنێت، بەهەڵەدا چووە”.
رۆژی چوار شەممە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنبار بە ژمارەیەك مووشەك بۆردوومانکرا، به‌هۆیه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت لانیكه‌م كه‌سێك، كه‌ به‌ڵێنده‌رێكی مه‌ده‌نی بووه‌ له‌ ئه‌نجامی جه‌ڵته‌ی دڵ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.
سه‌ربازگه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی تێدایه‌ و له‌ماوه‌ی رابردوودا بنكه‌ سه‌ربازی و دیپلۆماسییه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان چه‌ندین هێرشی هاوشێوه‌ی كراوه‌ته‌سه‌ر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group