"ئەم مانگە بە بێ دواکەوتن موچە دابەشدەکرێت"

12/06/2021

نه‌وا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، هاتنی شاندی چاودێری دارایی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و سەردانیكردنی دەروازە سنورییەكان یەكێكە لە خاڵەكانی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاشكراشی دەكات لە 25ی ئەم مانگەوە دەستبەدابەشكردنی مووچە دەكرێت و ئەو گرفتەی مانگی پێشوو دوبارە نابێتەوە.

 ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن ڕایگەیاندوه‌، "ماوەی چەند ڕۆژێكە شاندێك لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لە نزیكەوە سەردانی سەرجەم خاڵە سنورییەكانی هەرێم دەكەن ئەوەش لە پێناو زانینی بڕی داهات و چۆنییەتی كاركردن لەو خاڵە سنوریانەدا، ئەوەش یەكێكە لە خاڵەكانی ناو ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئێستادا جیبەجێدەكرێت و هەنگاوێكی باشە".
ئاماژەی بەوەشكردوه‌: "لەم هەفتەیەدا هەریەكە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری و عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بانگهێشی پەرلەمانی كوردستان دەكرێن و لە لیژنەی دارایی گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین لەبارەی بڕی داهات و شێوازی دابەشكردنی مووچە و ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.
وتیشی: بە گوێرەی بەدواداچوونەكانمان بۆ ئەم مانگه‌ مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا و بێ دواكەوتن لە 25ی مانگەوە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی جەختی لەوەشكردەوە: "ئەوەی مانگی ڕابردوو ڕویدا لە دروستبوونی گرفت لە كۆكردنەوەی داهات لەم مانگە ڕوونادات، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی نەناردووە و پێناچێت بۆ ئەم مانگەش هیچ بڕە پارەیەك بنێرێت، بۆیە ئەو كورتهێنانەی كە لەدابەشكردنی مووچە هەیە بەردەوامی دەبێت و حكومەت ناچارە بە لێبڕینی لە %21 مووچە دابەشبكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group