كیم جۆنگ ئون: كۆریای باكور رووبەڕووی قەیرانێكی قورسی خۆراك بووەتەوە

17/06/2021 جیهان

نەوا-
سەرۆكی كۆریای باكور دان بە قەیرانی قورسی خۆراك لە وڵاتەكەیدا دەنێت و دەڵێت: هاوڵاتیان لە دژوارترین دۆخدان.
كیم جۆنگ ئون، سەرۆكی كۆریای باكور لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەكەی رایگەیاندووە، دۆخی هاوڵاتیان لە رووی دابینكردنی خۆراكەوە لەو پەڕی خراپیدایە.
باسی لەوەشكردووە، نەیانتوانیوە بە هۆی زریان و لافاوەكانی ساڵی رابردووەوە ئامانجەكانیان بۆ بەرهەمهێنانی زۆرترین بڕی دانەوێڵە و خۆراك بپێكن.
سەرهەڵدانی قەیرانی خۆراك لە كۆریای باكور دوای ئەوە توندتر بوەوە كە حكومەتی ئەو وڵاتە بەمەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا سەرجەم سنورەكانی داخست.
پیونگ یانگ بە هۆی بەرنامە ئەتۆمیەكەیەوە لە ژێر گەمارۆیەكی توندی نێودەوڵەتیدایە و تەنها لە سنورەكانی چینەوە لە ساڵانی رابردوودا دەیتوانی خۆراك و بەروبوومی كشوكاڵی هاوردە بكات، بەڵام لە 2020ەوە سنورەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتەش داخراون.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی ئێن كەی نیوز لە ماوەكانی رابردوو بەهای خۆراك لە كۆریای باكور بۆ بەرزترین ئاستی هەڵكشاوە و بۆ نمونە ئاماژەی بەوەكردووە، نرخی كیلۆیەك مۆز نزیكەی 45 دۆلارە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group