دوای ساڵێك و 2 مانگ نەهامەتی بەدەست كۆرۆناوە گیانی لەدەستدا

19/06/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
كۆنترین نەخۆشی كۆرۆنا لە بەریتانیا دوای زیاتر لە 14 مانگ نەهامەتی بەدەست پەتاكەوە گیانی لەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی خۆی بڕیاریدا كە چیتر توانای ژیانی نەماوە بەو شێوەیە.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، "جەیسۆن كیلك"ی تەمەن 49 ساڵ دوای ئەوەی ماوەی 14 مانگ و 15 رۆژ بەدەست پەتای كۆرۆناوە ناڵاندی، بڕیاریدا كە چیتر ناتوانێت بەو شێوەیە بژی و رەتیكردەوە چارەسەری زیاتر وەرگرێت و لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری لیدز گیانی لەدەستدا.
لای خۆیەوە "سو كیلك"ی هاوسەری ئاماژەی بەوەداوە، شەڕی هاوسەرەكەی لەگەڵ كۆرۆنا سەخت و درێژ و زیاد لە پێویست بوو، پزیشكەكان نەیانتوانی كۆنترۆڵی كاریگەرییەكانی نەخۆشییەكە بكەن كە سییەكانی لەناوبردبوو، هەروەها نەیدەتوانی بەڕێگەدا بڕوات.
رۆژنامەكە رونیشیكردووەتەوە، كیلك سییەكانی زۆر بە خراپی زیانیان پێگەیشتبوو و بەبێ‌ ئامێری هەناسەدانی دەستكرد نەیدەتوانی بژی، هاوسەرەكەشی پێی وایە كە بڕیارێكی بوێرانەی داوە بۆ كۆتایی هێنان بە ژیانی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group