پەرلەمانتارێكی بەدر: پێویستە راستیەكانی هاتنە ناوەوەی سوپای توركیا ئاشكرا بكرێن

20/06/2021 عێراق

نەوا-
محەمەد شەبەكی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشكی فراكسیۆنی بەدر داوا لە حكومەتی عێراق دەكات، راستییەكانی تایبەت بە دەستدرێژیەكان و داگیركردنی خاكی عێراق لەلایەن سوپای توركیاوە ئاشكرا بكات.
محەمەد شەبەكی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردووە، سوپای توركیا سەرقاڵبوونی عێراق بە شەڕی داعشەوە وەك هەل بەكاردەهێنێت بۆ هاتنە ناو خاكەكەیەوە، هەروەها بێدەنگی حكومەتیش زیاتر هانی دەدات.
رونیشیكردووەتەوە، توركیا هەوڵی تۆقاندنی هاوڵاتیان لە باكور دەدات و بەشێكی زۆری خاكی عێراقی داگیر كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەت هەڵوێستی نییە و بێدەنگە.
شەبەكی داواش لە حكومەت دەكات، سەروەری عێراق بپارێزێت و بڕیاری بەپەلە بدات بۆ وەستاندنی توركیا تا زیاتر نەیەتە قوڵایی ناوچەكانی باكور و پێشێلكاری نوێ‌ روونەدات و راستیەكانی تایبەت بەو دەستدرێژیانە ئاشكرا بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group